قوباد تاڵەبانی: كۆرۆنا سیاسەت نازانێت و دەستكردی حكومەت و خەتای یەكێتی و پارتی نییە


وێستگە نیوز-
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەسەر خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا و ناڕەزایەتییەكان بڵاوكردەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەتەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ناڕەزایی جەماوەریی و خۆپیشاندانەكان پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند "دەمەوێت بەناوی حكومەتی هەرێم داوای لێبوردنتان لێبكەین ئەگەر ئەو بڕیار و رێكارانەی ئێمە دەرمانكردوون بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بووبێتە مایەی زیان بەسەر ژیان و گوزەرانتان، بەڵام مەبەستی ئێمە پاراستنی سەلامەتیتانە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە لەهەرێمی كوردستان كە رووبەڕووی پەتای كۆرۆنا بووینەوە لەسەرەتای پڕۆسەكە هەندێك رێكاری توندمان گرتەبەر لەپێناوی پاراستنتان و توانیمان تاڕادەیەكی زۆر زاڵ بین بەسەر ئەو پڕۆسەیە و نەمانهێشت ئەو پەتایە هاوشێوەی وڵاتانی دیكە بڵاوبێتەوە ئەوەش بەهەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەكان و هاوڵاتیانی خۆشەویست".

قوباد تاڵەبانی روونیكردۆتەوە "بەداخەوە دوای جەژن هەم رێكارەكانی حكومەت كەمێك سست بوونەوە و هەمیش پابەندبوون بەو رێنماییانە لەلایەن خەڵك كەمبوونەوە، بۆیە نەخۆشییەكە بەشێوەی مەترسیدار سەریهەڵداوەتەوە".

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتيشی "داوا و تكاتان لێدەكەم با ئەم نەخۆشییە بەجددی وەربگرین، ئەم نەخۆشییە گاڵتە نییە، ئەم نەخۆشییە سیاسەت نازانێت و دەستكردی حكومەت و خەتای یەكێتی و پارتی نییە، ئەم نەخۆشییە بەرۆكی جیهانی گرتووە و لەناومان بڵاوبۆتەوە و داواكارم رێكار و رێنماییەكان بەجددی وەربگرن، لەبەر خاتری من و حكومەت و لایەنە سیاسییەكان نا، بەڵكو لەبەر خاتری خۆتان، نەهێڵن كەسانی بەناو سیاسی ئەم پڕۆسەیە بەلاڕێدا ببات تا دەعمی بۆچوون و بەرنامەكانی خۆیان بكات".

قوباد تاڵەبانی وتوشیەتی "روون و ئاشكرایە ئەم نەخۆشییە تەنها كاریگەری لەسەر سەلامەتی هاوڵاتیان نییە، بەڵكو وەك بینیمان لەسەر ئاستی ناوچە و جیهان كاریگەری لەسەر ئابوری وڵاتانیش هەیە، بەو هۆیەشەوە داهاتی هەرێم كەمبۆتەوە و بازاڕ سست بووە و وایكردووە نەتوانین لەكاتی خۆی مووچە بدەین و عێراقیش نەتوانێت وەك جاران مامەڵە بەداهاتی خۆی بكات ئەوەش كاریگەری خراپی نەخۆشییەكەیە".

هەروەها وتویەتی "ئێمە تەقدیری ماندووبوونی مووچەخۆران و كاسبكاران دەكەین كە ئەم نەخۆشییە بۆتە هۆی دواكەوتنی گوزەرانیان و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ باشتركردنی دۆخی كوردستان لەگەڵ بەغداد".

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەكردووە "دەزانم خەڵك ناڕازییە و بەشێوازی جۆراوجۆر ئەو ناڕەزایەتییە دەردەبڕن، خۆپیشاندان یەكێكە لەو رێگەیانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و خۆم لەدوو وڵاتی زۆر دیموكراسی گەورە بووم و قەدری دیموكراسی و ئازادی دەزانم، بۆیە لام ئاساییە خەڵك بەشێوەیەكی دیموكراسی ناڕەزایەتی دەربڕێت، بەڵام داواكارم هەر كەسێك دەیەوێت لەڕێگەی خۆپیشاندانەوە ناڕەزایی دەربڕێت پابەندی یاساكان بن و بەشێوەیەكی شارستانی ئەو ناڕەزایەتییە دەربڕن و بزانن كە كۆدەبنەوە ئەوە مەترسی كۆرۆنا زیاتر دەكات، بۆیە ئەگەر هەر دەكرێت خۆپیشاندان بكەن لانیكەم خۆتان و هاوڕێكانتان بپارێزن".

سەبارەت بەمامەڵەی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ خۆپیشاندەران، قوباد تاڵەبانی وتی "هەمانكات داوا لەهێزە ئەمنییەكان دەكەم بەشێوەیەكی شارستانی مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بكەن، ئەو ڤیدیۆییانەم بینی ئەو رۆژە كە گوێبیستی تەقە بووم بەهیچ شێوەیەك قبوڵ ناكرێت، بۆیە دوای ئەوە پەیوەندیم بەهێزەكانەوە كرد و پێموتن نابێت فیشەك لەبەرامبەر خۆپیشاندەران بەكاربهێنرێت، هەمانكات نابێت ئەزێتی میدیاكاران بدەین لەكاتی خۆپیشاندەران، بەڵام هەریەكەمان ئەرك و بەرپرسیارێتیمان هەیە و دەبێت پابەندبین بەو ئەرك و بەرپرسیارێتییەی لەسەرشانمانە".
  




PM:10:52:04/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 3844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت