ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوایەك لەدوكانداران دەكات

‌ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پشتیوانی خۆی بۆ هەموو ئەو كاسبكارو خاوەنكارانە رادەگەیەنێت كە لەئێستاو ماوەی رابردوودا بەهۆی ئەو رێكارانەی گیراونەتەبەر بەمەبەستی رێگرتن لەبڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا، توشی زیان‌و بێكاری بون‌و قەرەبوشیان نەكراوەتەوە.

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەی بۆ وێستگە نیوز نێردراوە، سەرەڕای ئەوەی بانگەوازی هەموو خەڵكی كوردستان دەكات كە پابەند بن بەو رێنماییانەی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندوە بۆ ئەوەی پاراوێز بن لەتوشبون بەو پەتا مەترسیدارەی رۆژانە هەڕەشە لەژیانی مرۆڤ دەكات لەسەرتاسەری جیهاندا، لەهەمانكاتیشدا داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات دەرفەتی كردنەوەی دوكان‌و بازاڕو بەڕێوەچونی كارو پیشەو بژێویی ئەو كاسبكارانە بەپێی مەرج‌و رێنماییە تەندروستییەكان بڕەخسێنێ‌، كە بەهۆی كارو كاسبی رۆژانەوە بژێویی ژیانیان مسۆگەر دەكەن، لەم روانگەیەوە پشتگیریی لەجێبەجێكردنی داواكارییەكانیان دەكەن.

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، بەدرێژایی سێ‌ مانگی رابردوو، كە پەتای كۆرۆنا بلاوبوەتەوە، هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە خستوەتە گەڕ كۆرۆنا ژیانی هاوڵاتیان نەخاتە مەترسییەوەو لەڕووی ئابورییەوە بازاڕ پشێویی‌و گرانی بەخۆیەوە نەبینێ‌‌و ئەو كاڵاو خۆراكانەی كە هاوردە دەكرێن، كاڵاو خۆراكی كوالێتی بەرزو تەندروست بن‌و هاوكات لەهەوڵی ئەوەشدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان تا لەقۆناغی داهاتودا كوردستان زیاتر پشت بە بەرهەمی خۆماڵی ببەستێت لەدابین كردنی گرنگترین پێداویستییەكانیدا.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ ئەوەی داوا لەهەموو خەڵكی كوردستان دەكات پابەند بن بەرێنماییە تەندروستییەكانەوە، بەڕای گشتی كوردستانیشی رادەگەیەنێت كە پشتیوانی لەهەموو ئەو داواكاریانە دەكات خوازیاری ئەوەن كارو بازاڕ‌و چالاكی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی‌و پیشەسازیی بەهیچ بیانوییەك پەكنەخرێت، بەتایبەتی ئەو كارو پیشانەی بژێویی ژیاتی رۆژانەی كاسبكاران دابین دەكەن.

لەكاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆوە و لەسەر داوای خۆپیشاندەرانی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بەتایبەتیش پارێزگای سلێمانی، قەدەغەی هاتووچۆی تەواو هەڵوەشێنرایەوە بەو مەرجەی دوكاندار و كاسبكاران پابەندی رێنماییە تەندروستییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بن.


PM:02:24:03/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 1968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت