میترۆ: زەبروزەنگ رۆژنامەنوسان بێدەنگ ناكات


وێستگە نیوز-

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان ئیدانەی زەبر و زەنگی هێزە ئەمنییەكان دەكات و داوای وایە لێكۆڵینەوە بكرێت لە رەفتاری ئەو هێزانە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان لەكاتی خۆپیشاندانەكانی شاری سلێمانی.

ئەمڕۆ لە ناو شاری سلێمانی و دەروبەری خۆپیشاندانی نارەزایەتی دژ بە رێكارەكانی خۆپارێزی حكومەت ئەنجامدرا، گەورەترینیتان خۆپیشاندانی كاسبكارانی ناو شاری سلێمانی بوو كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە زەبری هێزو بۆمبی فرمێسكڕێژەوە، تەقەكردن، بڵاوەیان پێكرا.

بەپێی راگەیەندراوی سەنتەری میترۆ، بەیانی ئەمڕۆ تیمێكی كەناڵی سپێدە (یادگار حاجی و ئاریان بەكر) ، لەناو بازاڕی شاری سلێمانی لەلایەن هێزێكی ئاسایشەوە دەستبەسەر كرا.

یادگار بە میترۆی وتووە "ئەفسەرێكی ئاسایش پێی وتین ئەگەر دور نەكەونەوە قۆنەرە دەكەمە دەمتان و سوكایەتی زۆرمان پێكرا، ئینجا ئێمەیان برد بۆ ئاسایشی سلێمانی و پاش سێ كاتژمێر ئازادكراین" جەختیكردەوە"دەستیان بەسەر كامێركەمان گرت، گرتەكانیان كوژاندەوە تا ئێستا میمۆری كامێراكەمان لای ئاسایشە".

میترۆ ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ چەند جارێك هێزی چەكدار و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكان هێرشیان كردە سەر تیمەكانی كەناڵی ئین ئارتی، هێزێكی ئەمنی دەستیان گرت بەسەر كەلەپەلی رۆژنامەوانی تیمێكیان.

لە كاتێكدا ئیحسان سابیر پەیامنێری ئین ئارتی لە پەخشی راستەوخۆدا بوو چەند جارێك هێزە ئەمنییەكان داوای لێدەكات دور بكەونەوە لە شوێنی خۆپیشاندانەكە و چەند جارێك لە ناو پەخشتی راستەوخۆدا رێگری لێدەكەن، ئیحسان بە میترۆی وتووە "پاش ئەوەی زانییان وێنەگرەكەم محەمەد حەسەن لە پەخشی راستەوخۆ نەما بە داری كارەبایی و بۆكس پەلاماریان داین".

هەروەها تۆڕی میدیای كۆمەڵی ئیسلامی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كۆپییەكی بۆ میترۆ ناردووە و تیایدا هاتووە "دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەت بەدەر لە یاساو رێنماییەكان، رێگەی دەستگەیشتن بە زانیاری و رووماڵی كۆبونەوەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەكانی حكومەتمان لێدەگرن".

تۆڕی میدیایی كۆمەڵی ئیسلامی باس لەوەدەكەن كە "لە درێژەی ئەو رێگرییانەش ئەمڕۆ لە میانەی كۆبونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، رێگری لە تیمی رۆژنامەوانیی كەناڵی ئاسمانی پەیام و چەند دەزگایەكی دیكەی میدیای كرا كە روماڵی كۆبونەوەكە بكەن".

میترۆ ئاماژەی بەوەكردووە، سایتی سبەی ڕایگەیاند: بڕیار نامیق پەیامنێری (سبەی) لەلایەن ژمارەیەك لە هێزە ئەمنیەكانەوە داری كارەبایی بەرامبەری بەكارهێنراو برینداركرا، هەر لەوكاتەدا ئارام شەهاب :كامێرامانی (سبەی) بۆ پاراستنی گیانی خۆی هەوڵی دوركەوتنەوەی دەدات لە شوێنی ئاڵۆزییەكە ، بەڵام بەهەمان شێوە هێرشی دەكرێتەسەر و بریندار دەكرێت.
پاشان ئەو تیمە دەگەیەنرینە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، میترۆ پەیوەندی بە (بڕیارنامیق)ەوەكرد، پێی ڕاگەیاندین" تەندروستیان جێگیرەو گەڕاونەتەوە ماڵەوە".

بەپێی راگەیەندراوەكە، سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا ئیدانەی زەبروزەنگی هێزە ئەمنییەكان دەكات، داواش لە پارێزگاری شاری سلێمانی دەكات لێكۆڵینەوە بكرێت لە رەفتاری ئەو هێزانە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان لەكاتی خۆپیشاندانەكان.

ئازادی روماڵكردن و ئامادەبووانی كەناڵەكانی راگەیاندن بە یاسا پارێزراوە دەبێت پارێزەرانی یاسا تیمە رۆژنامەنوسییەكان بپارێزن نەك ئاستەنگ لەبەردەك كارەكانیان دابنێن.

هەروەها داوا لە پارێزگاری هەولێر دەكات لێكۆڵینەوە لەو جیاكارییە بكات كە بەرامبەر كەناڵی پەیام و چەند كەناڵێكی تر ئەنجام دەدەرێن كە پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەرین.

تیمێكی سایتی سبەی (بریار نامیق، ئارام شەهاب) لەكاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانەكان لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە هێرشیان كرایە سەر.

ئەم هێرش و پەلامارو جیاكاریانە لە كاتێكدان كە لەسەرەتای خۆئامادەكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربونەوەی دۆخی نەخوازراو، میدیاكانی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی خۆپاراستن لە نەخۆشی "كۆرۆنا" پاڵپشتی ئەو هەڵمەتە نیشتیمانییە بوون كە بۆ بڵاوكردنەوەی رێنمایی وهۆشیاری خۆپارێزی تەندروستی راگەینراو رۆڵی گرنگ و بەرچاویان هەبووە لە گەیاندنی زانیاری بە هاوڵاتیان و هۆشیاركردنەوەیان.


PM:10:37:02/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 3892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت