پارێزگاری هەولێر: رێنماییەكان بەتەواوی جێبەجێ دەكەین

‌فرسەت سۆفی

وێستگە نیوز-

د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، رێنماییەكان بەتەواوی جێبەجێ دەكەن و داواش لەخەڵك خۆیان لەكۆرۆنا بپارێزن.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان بە جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكان لە سبەی كاتژمێر 6ی ئێوارەوە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان دەكرێنەوە و قەدەخەی هاتووچۆ هەڵدەگیرێت.  

ناوبراو روونیكردەوە، كار و كاسبی و تەندروستی خەڵكیان بەلاوە گرنگە بۆیە بڕیاری كردنەوەی بازاڕ و دوكان و شوێنە گشتییەكان داوە ئەویش بە پابەندبوونی تەواوی رێنماییەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا.

هەروەها وتی "بە هەمان شێوەی بازاڕ و شوێنە گشتییەكان لە كاتژمێر شەشی سبەیەوە نۆرینگە و نەخۆشخانەكانیش دەكرێنەوە و دەبێت پابەندبوونی تەواو بە رێنماییە تەندروستییەكان هەبێت".

شەوی یەكشەممەی رابردوو بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەكانی كۆرۆناوە، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی بۆ ماوەی شەش رۆژ راگەیاند و بڕیارەكەش لە كاتژمێر 6ی ئێوارەی دوێنێوە دەستی پێكرد، بەڵام لەشەوی رابردووەوە خۆپیشاندانی كاسبكاران لەقەزاكانی سنوری سلێمانی و ئەمڕۆش خۆپیشاندانی بەشێك لەدوكانداران لەنزیك قایمقامیەتی سلێمانی بۆ شكاندنی كەرەنتینە بەڕێوەچوو، بۆیە لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی لەگەڵ پارێزگارەكان، بڕیاردرا قەدەغەی هاتووچۆ هەڵبگیرێت.




PM:07:16:02/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 2016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت