هاوسه‌رۆكی‌ كه‌جه‌كه‌ : دەوڵەتی تورک مەبەستییەتی هه‌رێمی‌ كوردستان بکاتە ویلایەتێکی خۆی

‌هۆزات هاوسەرۆکی کەجەکە


وێستگه‌ نیوز- رۆژ نیوز

هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایگەیاند: دەوڵەتی تورک دەیەوێت باشوری کوردستان"هه‌رێمی‌ كوردستان" بکاتە ویلایەتێکی داگیرکراوی خۆی و تا ئاستێکیش ئەم مەبەستەی بەسەر خستووە، زینی ئەستێرۆکان بەشێک لە پیلانی پاکتاوکردنی 'پەکەکە'یە.

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرات، لەسەر ڕۆژەڤە سیاسییەکانی کوردستان و ناوچەکە قسەیکرد و ئاماژەشی بە ئاڵۆزییەکانی زینی وەرتێ و گەمارۆی سەر کامپی مەخموردا.

هۆزات وتی: دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات باشور بە تەواوەتی بکاتە ویلایەتێکی داگیرکراوی خۆی و تا ئاستێکیش ئەو خواستەی سەرخستووە، زیاتر لە ٢٠ بارەگای سەربازیی دەوڵەتی تورک لە باشور هەیە، هەروەها دەیان ناوەندی میتی لێیە و لەهەر ئاستێکدا کارەکانی بە بەرفراوانی بەڕیوەدەبات و سەربەستانە دەجوڵێتەوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی مەیدانەکانی گەریلا دەکەنە ئامانج لە باشورەوە هەڵدەستن، شوێنی تایبەتیان بۆ دروستکراوە، زۆرێک لە بازگەکانی پارتی (پەدەکە) کە نزیکن لە مەیدانەکانی گەریلا، ئەندامانی میت و ئەفسەرە تایبەتەکانی تورکی لێین، ڕاستی ئەمەیە کە باشور لەژێر داگیرکاریی تورکدایە.

"پیلانی زینی ئەستێرۆکان بۆ گەمارۆدانی قەندیلە"

هۆزات لە بەردەوامیی قسەکانیدا ده‌ڵێت: جێگیرکردنی پێشمەرگەکانی پارتی لە زینی ئەستێرۆکان، پەیوەندیی بە گەمارۆدان و هێرشەکانی قەندیلەوە هەیە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت پارتی دژی پەکەکە شەڕ بکات و چالاکانە بەشداریی پاکتاوکردنی پەکەکە بێت، پشتیوانییە سیخوڕییەکان و هاوکارییە لۆجستییەکانی پارتی بە تێرکەر نابینێت.


هۆزات ده‌ڵێت" پێویستە پارتی و کاربەدەستانی باشور نەبنە بەشێک لە هێرشە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورک، پارتی ناتوانێت ئەمە بۆ گەل ڕوون بکاتەوە، وڵاتپارێزیی گەلەکەمان پێشکەوتووە، تێدەگات چی نەزانییە، چی خیانەتە و چی وڵاتپارێزییە، هیچ پارتێکی کوردی ناتوانێت بەهێزی دوژمن سیاسەت بکات و لەسەرپێی بمێنێتەوە، گەل ئەو پارتە لە گۆڕ دەنێت، گەلەکەمان لە چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بە تووڕەییەکی گەورەوە ناڕەزایەتیی بەرامبەر خۆسەپاندن لە زینی ئەستێرۆکان نیشاندا.


PM:06:17:01/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 3584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت