وەزارەتی تەندروستی: سیستەمی تەندروستیی کوردستان بەرگەی تەنها 10 هەزار تووشبوو دەگرێت

‌دوو كارمه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئیماراتی‌ شاری‌ هه‌ولێر- بڵند تاهیر، فۆتۆ-روداو


وێستگه‌ نیوز-
تووشبوویەکی کۆرۆنا لە هەولێر باری تەندروستی ناجێگیرە و لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 تووشبی کۆرۆنا نیشانەی تووندیان هەیە و پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە.
 
محەممەد قادر خۆشناو، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا توانای وەرگرتنی تووشبووانی کۆرۆنایان هەیە، بەڵام لەمەودوا ئەو تووشبووانەی نیشانەی تووندیان نییە، لەناو نەخۆشخانەکاندا ناهێڵدرێنەوە و دەگوازرێنەوە بۆ ناو مۆتێلەکان و لەوێ چاودێری دەکرێن، چونکە بەم شێوەیە ستافی کەمتری پێویست دەبیت و ئەو ستافەی پێویستە لەناو نەخۆشخانەکاندا بەکاردەهێندرێن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە لەلایەن زانا کایانییەوە پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند، ئەگەر ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هەر زیاد بکات و نەخۆشخانە و ئەو مۆتێلانەش پڕبن کە دیاریکراون، لەو حاڵەتدا ناچاران ئەو تووشبووانەی کە نیشانەی تووندیان نییە لە ماڵەوە بهێڵنەوە هاوشێوەی وڵاتانی دیکە، وەکو ئەمریکا.
 
هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە هەفتەی رابردوودا، زەنگێکی مەترسیداربوو و جارێکی دیکە قەدەخەی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش راگەیێندرا، ئەوە دوای تۆمارکردنی 103 تووشبوو، کە 101یان لە پارێزگای سلێمانی بوون و بەو ژمارەیەوە، تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 714  کەس، کە 420 کەسیان چاکبوونەتەوە و حەوت کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
محەممەد قادر خۆشناو دەڵێت، بۆ ئەم ژمارەیەی تووشبووانی کۆرۆنا هەرێمی کوردستان ستافی پێویستی هەیە، بەگشتی 500 قەرەێڵە هەن کە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخانکراون و دەڵێت: "بەڵام ئەگەر ژمارەی تووشبووان 500 کەس تێپەڕێنێت ئەوا ناچاردەبن نەخۆشخانەکانی دیکە بەکاربهێنن. هەروەها ئەگەر ژمارەی تووشبووان بگاتە پێنج هەزار کەس کە پێویستیان بە چاودێری هەبێت، ئەوا دەبێت خزمەتگوزارییەکان دیکە لە نەخۆشخانەکان رابگیرێن و هەمووی تەرخان بکرێت بۆ کۆرۆنا، هەروەها ئەگەر ژمارەی تووشبووان بگاتە 10 هەزار کەس، ئیتر لە دەرەوەی توانای هەرێمی کوردستان دەبێت".
 
هەروەها باسی لەوەکرد کە خراپترین سیناریۆ بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە هەموو نەخۆشخانەکان چۆڵبکرێن و تەنیا نەخۆشی کۆرۆنا وەربگیرێت، لەوانیش ئەو کەسانە وەربگیرێن کە تەنیا پێویستیان بە چاودێرییە.
 
ئێستا هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار پشکنینی کۆرۆنا دەکات، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، پلانیان ئەوەیە پشکنینەکان زیاتر بکەن و بیگەیێننە دوو هەزار پشکنین لە رۆژێکدا، بەو پێیەی پشکنین کاریگەرترین رێگەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا، بەگوێرەی راسپاردەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی.
 
گرفتێک کە رووبەڕووی کەرتی تەندروستی بووەتەوە لە هەرێمی کوردستان، نەمانی متمانەی خەڵک و کەمکردنەوەیە لە ئاستی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەمبارەیەوە محەممەد قادر دەڵێت: "هۆکاری نەمانی متمانە بەشێکی کاریگەری دەروونییە و بەشێکی قەیرانی ئابوورییە، هەروەها هەڵمەتی سۆشیالمیدیا کە لایەنی دیاریکراو دەیکات".
 
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: "لەبەر ئەوەی حکومەت لەچەند لایەنێک پێکهاتووە، لایەنەکانی حکومەت کە لەگەڵ یەکتر ناسازن، ئەمە بەسەر لایەنی کۆرۆنا تەفسیر کراوە و وا لێکدراوەتەوە کە کۆرۆنا بۆ ئامانجێک بەکاربێت". ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوەی کە دەکرێ متمانەی خەڵک بەدەستبهێنێتەوە بریتییە لە ئاستی هۆشیاری خەڵک و سەرچاوەی زانیارییەکانیان کە لە کوێوە زانیارییەکان وەردەگرن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی گوت: "پێویست ناکات خەڵک تەماشای کەناڵ یان راگەیاندنێکی حیزبی بکات، بە لە دەرەوەی کەناڵە حیزبییەکان تەماشای داتاکان بکات".


PM:05:08:01/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 1328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو