لیژنەی ئۆپەراسیۆنی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد


وێستگە نیوز-

لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنی كۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە  و پابەندبوونی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ماوەی هەفتەیەك راگەیاند..

دوای بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانی، شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا بەراگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە كاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ تا كاتژمێر 12ی شەوی 6ی حوزەیرانی 2020.

لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنی كۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانی كۆبوونەوە و 11 بڕیاریان دەركرد.

یەكەم: بەیانی ژمارە 38ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەردوو نووسراوی ژمارە 7253 و 7254ی رۆژی 1-6-2020ی وەزارەتی ناوخۆ وەك خۆیان جێبەجێ دەكرێن و پێویستە هەموو لایەك پابەندی تەواوی هەموو بڕگەكانی ئەم بڕیارانە بن.

دووەم: پێویستە هاوڵاتیانی خۆشەویست پابەندی تەواوی بڕیار و رێنمایی و رێكارە تەندروستی و خۆپارێزییەكان بن و رۆڵی شیاوی خۆیان لەپاراستنی تەندروستی خۆیان و خەڵكدا ببینن.

سێیەم: داوا لەهەموو لایەنە سیاسییەكان و دەستەبژێر و كەسایەتییە ئاینی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكان دەكەین كە هەماهەنگی تەواوی دامودەزگاكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بن و رۆڵی شایان و پێویستی خۆیان لەپاراستنی تەندروستی و تەندروستی گشتیدا ببنینن و هەموو ئەندام و لایەنگر و هەوادارەكانیان دڵنیا بكەنەوە كە مەترسی پەتای كۆرۆنا  مەترسییەكی جددیە و هەر كەمتەرخەرمی و بەكەمگرتنێك كارەساتی گەورەی تەندروستی و مرۆیی لێدەكەوێتەوە.

چوارەم: داوا لە هەموو دەزگاو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن‌و چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكەین، كە ڕۆڵی مێدیایی‌و نیشتمانیی‌و مرۆیی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆناو بەرزكردنەوەی ئاستی پابەندبوون‌و خۆپارێزیی هاووڵاتیاندا ببینن‌و وەك هەمیشە چاودێرێكی وردی سەر دامەزراوە دەوڵەتیەكان بن بۆ جێبەجێكردنی ئەرك‌و ڕێكارە یاساییەكان، هەركەس‌و كەناڵێك گیانی سەركەشیی‌و بێباكیی‌و گومانی بەكەمگرتن‌و شێواندنی ڕاستییەكان بڵاوبكاتەوە، لەلایەن فەرمانگەی داواكاری گشتییەوە ڕێكاری یاسایی پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

پێنجەم: دادگاكان‌و دادوەران‌و لێكۆڵەرە دادییەكان بەپێی پلانی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی‌و فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی، لە دەوامی فەرمیدا دەبن.

شەشەم: فەرمانگەو كۆمپانیا خزمەتگوزارییەكانی وەك (تەندروستی، ئاو، كارەبا، كشتوكاڵ، خزمەتگوزاریی شارەوانیی، خزمەتگوزاریی سیتییەكان، چاودێریكردنی زیادەڕۆیی، چاودێری‌و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی، خانەو شێڵتەرو گرتووخانەكان، پەیوەندییەكان‌و ئینتەرنێت، سوتەمەنیی‌و پاڵاوگەكان، كارگە پیشەسازییە قورسەكان، ژینگەپارێزو كارگوزاری دارستان‌و باخچەو كێڵگەكان)، بەپێی نووسراوی فەرمیی فەرمانگەو كۆمپانیاكان بەردەوام دەبن لە كارەكانیاندا بەپێی ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییەكان، هەر شوێنێك سەرپێچی بكات، رێوشوێنی یاسایی و كارگێڕییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

حەوتەم: پێویستە شۆفێران پابەندی تەواوی قەدەغەی هاتووچۆ بن‌و هەر شۆفێرێك قەدەغەی هاتووچۆ بشكێنێت ئۆتۆمبێلەكەی تا ڕۆژی (٧/ ٦/ ٢٠٢٠) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانییەوە، دەستی بەسەردا دەگیرێت.

هەشتەم: هەر كەسێك سنورەكانی هەرێمی كوردستان‌و پارێزگای سلێمانی بەشێوەی نایاسایی ببەزێنێت، یان هەوڵی بەقاچاخ هێنانەوەی خەڵك بدات، ڕێكاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

نۆیەم: بازگەو تیمی گەڕۆكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بەدرێژایی سنورەكانی خانەقین هەتا كەركوك لە ئەركدا دەبن‌و هەر هاووڵاتیەك هەوڵی گەڕانەوە لە پارێزگاكانی تری عێراقەوە بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی جگە لە بازگەكانی (بانی مەقان و دەربەندیخان) بدات، ڕێكاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

دەیەم: هەر كەس‌و شوێنێك بڕیارو ڕێنمایی‌و ڕێكارە تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییەكان پەیوەست بە كۆرۆنا پێشێل بكات، لەلایەن فەرمانگەی داواكاری گشتییەوە داوای یاسایی بەتۆمەتی تێكدانی ئاسایشی تەندروستیی‌و زیانگەیاندن بە تەندروستیی گشتیی لەسەر تۆمار دەكرێت.

یانزە: لیژنەیەكی بەدواداچوونی هاوبەش لە هەموو یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، لە (نوێنەری قائیمقامیەت، هێزە هاوبەشەكانی لیژنەی ئارامیی، نوێنەری هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی تەندروستی، ئەوقاف، گەشتوگوزار، شارەوانی) لە ئەمڕۆوە لەژێر چاودێری قائمقامی قەزاكاندا پێكدەهێنرێت‌و ڕێكاری ڕاستەوخۆو خێرا بەرامبەر هەركەس‌و شوێنێكی سەرپێچیكار دەگرنەبەر.

هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە، كە بە هەموو توانستمانەوە لە ئەركدا دەبین بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان و تێپەڕاندنی شیاوانەی ئەم دۆخە مەترسیدارەو ئومێدمان پابەندیی و ئاستی بەرزی خۆپارێزیی و تەندروستیتانە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا




PM:03:28:01/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 6908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو