وەزیری تەندروستی هەرێم هۆكاری تەشەنەكردنی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

‌د.سامان بەرزنجی

وێستگە نیوز-

دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكارەكانی خێرابوونی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و دووپاتیكردەوە، شەپۆلی ئەمجارەی كۆرۆنا مەترسیدارترە و دەبێت هاووڵاتیان مەترسییەكانی ئەو پەتایە بە جددی وەربگرن.

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كوردستان 24ی راگەیاندووە، شەپۆلی ئەمجارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسیدارترە و سێ هۆكاریش بۆ خێرابوونی تەشەنەكردنی پەتاكە ئاشكراكراد "زیادبوونی تێكەڵاوی و بەركەوتنی نێوان هاووڵاتیان، بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراق و بوونی هاتووچۆ لەنێوان ئەو شارانەی عێراق و شارەكانی هەرێمی كوردستان گواستنەوەی پەتاكەی بۆ هەرێم خێراتر كردووە، پابەند نەبوونی هاووڵاتیان و بەهەند وەرنەگرتنی رێنماییەكانی تەندروستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا".

بەپێی ئاماری تەندروستی هەرێم، تا ئێستا 583 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون، لەو ژمارەیەش 160 حاڵەت لەژێر چاودێری پزیشكیدان و دۆخی تەندروستی بەشێكیان ناجێگیرە.


PM:11:01:30/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 7856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت