نێچیرڤان بارزانی: گرنگه کوردیش له گفتوگۆی ستراتیژیی ئه‌مریكا و عیراق به‌شداری بكات
وێستگه نیوزـ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا كۆبووه‌وه و جه‌ختی له گرنگیی ئاماده‌یی و به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان لە گفتوگۆی ستراتیژیی ئه‌مریكاـ عیراق کردەوە كه بڕیاره مانگی داهاتوو ده‌ست پێبكات.
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه له هه‌ولێر، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ مێجەر جەنەرال ئیریک هیل، فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا كۆبوه‌وه و باس له گفتوگۆی ستراتیژیی ئه‌مریكا ـ عیراق کراوە كه بڕیاره مانگی داهاتوو ده‌ست پێبكات كه تیایدا تاوتوێ نهخشهڕێگهیهك بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستا و داهاتوی عیراق و ئه‌مریكا ده‌كرێت، له‌وباره‌یه‌وه نێچیرڤان بارزانی "جه‌ختی له گرنگیی ئاماده‌یی و به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له‌و دیالۆگه و له دانان و ئاماده‌كردنی نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌دا كرده‌وه."
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، نێچیرڤان بارزانی جه‌خت له گرنگیی هه‌بوونی میكانیزمێك بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالی عیراق ده‌كاته‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی "تیرۆریستانی داعش" به‌تایبه‌تی له ناوچه جێناكۆكه‌كان كه جموجوڵ و هێرشه‌كانیان مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه له‌سه‌ر ئاسایشی عیراق و هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات، ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ربڕی.
باسیش له خۆڕێكخستنه‌وه و مه‌ترسییه‌كانی فراوانبوونی جموجوڵ و هێرشه‌كانی داعش له عیراق و سوریا كرا كه بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جیدی له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری له هه‌ردوو وڵات.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای دوپاتكردنه‌وه‌ی گرنگی و پێویستیی به‌رده‌وامیی پشتگیریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان له شه‌ڕی دژی تیرۆردا، جه‌ختیشی له‌سه‌ر "پێویستیی هه‌نگاونانی سیاسی له عیراق كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پێكهاته عیراقییه‌كان هه‌ست به هاوبه‌شی و متمانه و پارێزراویی ئێستا و داهاتوویان له عیراقدا بکه‌ن."
دوایین پێشهاته‌كانی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هه‌وڵ و رێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی و لێكه‌وته‌كانی به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی ته‌ندروستی و ئابوری‌دا و كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رنامه و جموجوڵی سه‌ربازیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عیراق و سوریاش، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه بووه.
PM:06:03:30/05/2020
ئه‌م بابه‌ته 3328
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت