ئه‌و پۆلیسه‌ی بووه‌ هۆی گیان له‌ ده‌ستدانی ره‌شپێسته‌كه‌ ده‌ستگیر كرا

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، ئەو پۆلیسەی کە لە کاتی دەستگیرکردنی پیاوە رەشپێستەکەدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی، دەستگیرکرا.

میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، "دێرك چاوڤین ئەو پۆلیسەی‌ كە ئەژنۆی‌ لەسەر ملی‌ هاوڵاتییەکی رەشپێست بەناوی جۆرج فلۆید دانا و بەم هۆیەوە بووە هۆی‌ گیانلەدەستدانی‌، دەستگیرکرا".

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەک کە تیایدا پۆلیسێکی ئەمریکی لە کاتی دەستگیرکردنی پیاوێکدا قاچی خستووەتە سەر ملی، سەرەڕای ئەوەی پیاوەکە چەند جارێک دەڵێت "ناتوانم هەناسە بدەم"، بەڵام پۆلیسەکە قاچی لانابات و بەو هۆیەشەوە گیانیلەدەستدا.

دوابەدوای ئەو رووداوەش، لە چەندین وڵاتی جیهاندا ناڕەزایی و نیگەرانی لێکەوتەوە و لە ئێستاشدا لە بەشێکی شارەکانی ئەمریکادا ماوەی سێ رۆژە خۆپیشاندان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان دەستیپێکردووە و دوێنێش لە شاری میناپۆلیس (ئەو شارەی رووداوەکەی تێدا روویدابوو) خۆپیشاندەران یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسی شارەکەیان سوتاند.

هــ. ر


AM:08:47:30/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 4788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت