مه‌سرور بارزانی: دیسان مەترسیی پەتای کۆڕۆنا زۆر جیددیە

‌ مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

وێستگه‌ نیوز-
 مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 29-10-2020 رایگه‌یاند خه‌ریكه‌ په‌تای‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا جارێكی‌ تر به‌خێرایی‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌.

مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگەیاند مەترسیی پەتای کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) زۆر جیددیە و لەم رۆژانەدا بەهۆی سستیی پابەندبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

مەسروور بارزانی هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێت هەندێک لایەنی سیاسی، هەوڵی بە سیاسیکردنی هەوڵەکانی حکومەتیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەیان داوە "بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌  شەوی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، تائێستا 566 کەس لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک) تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. پێنج لەو تووشبووانە گیانیان لەدەستداوە و 409 تووشبووش چاکبوونەتەوە.

دەقی پەیامەکەی مەسروور بارزانی:

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بارەی مەترسیی تەشەنەکردنی زیاتری پەتای کۆرۆنا

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

مەترسیی پەتای کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) زۆر جیددیە و لەم ڕۆژانەدا بە هۆی سستیی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان ، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

ئێمە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا، داوامان لە هاووڵاتییانی خۆشەویست کرد، کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و سوپاسیشتان دەکەم، کە پابەند بوون و بە شێوەیەکی زۆر باش ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بووە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و رێکخراوی نێوەدەوڵەتی.

بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبوونە سستیی تێکەوتووە، هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستوویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سوود پێشان بدەن و بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە. ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یاری کردن بە ژیانی خەڵک بێنن.

من جارێکی دیکە داوا لە هەموو خوشک و برا هاونیشتمانیەکانم دەکەم پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن و تەندروستیی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لە ژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە.

سەلامەتیی ئێوە بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرینگترە.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

2020/5/29


AM:11:23:29/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 2608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو