له‌یادی یه‌كێتیدا: مام جه‌لال هێرۆخانی چۆن ناسی؟
مام جه‌لال ڕه‌مزی كاریزمی هه‌ره دیاری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه
وێستگه نیوز-
له‌گه‌ڵ هاتنی یادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیدا هه‌موو ساڵێك قسه‌كردن له‌سه‌ر سه‌ركرده‌كانی ئه‌م حزبه دیسانه‌وه دێته‌وه سه‌ر زاری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، چونكه له‌مێژووی شۆرشی گه‌لی كوردستاندا یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان پانتاییه‌كی زۆری داگیركردووه.
مام جه‌لال سكرتێری كۆچكردووی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ڕه‌مزی كاریزمی هه‌ره دیاری شۆرشهكهو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه كه له 1ی 6ی 1976 له‌دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا دروستبووه.
مام جه‌لال له كتێبی دیداری ته‌مه‌ن باس له وێستگه‌كانی ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌كات و له به‌شێكیدا باس له ناسینی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌كات كه چۆن ناسیویه‌تی و له چ ته‌مه‌نێكدا بینیویه‌تی و كێی ناردووه بۆ داخوازی.
دیداری ته‌مه‌ن كتێبێكه له‌دوو به‌ش پێكهاتووه، له‌لایه‌ن سه‌ڵاح ڕه‌شیدی سیاستمه‌دارو سه‌ركرده‌ی پێشووی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌شێوه‌ی چاوپێكه‌وتندا، ئه‌نجامدراوه. تاڵه‌بانی له‌چه‌ند جێگه‌یه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردووه كه بیروه‌رییه‌كانی خۆی نوسیوه‌ته‌وه. سه‌ڵاح ڕه‌شید ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه تاڵه‌بانی مه‌به‌ستی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه درێژه بووه.
له باره‌ی ژیانی هاوسه‌ری و ناسینی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵی، مام جه‌لال ده‌ڵێت: "هه‌مزه عه‌بدوڵا له زیندان به‌ربوو، من چووبووم بۆ زیاره‌تی، ئه‌وكاته هێرۆ بچکۆلهبو، له ماڵی هه‌مزه عهبدوڵابوو، به‌ڵام ئه‌وه یه‌كه‌مجارم بوو هێرۆم بینی، به‌ڵام منداڵێكی بچكۆلهبوو، دوای ئه‌وه ساڵێكیان من لە کەرکوک بووم ئه‌وان ماڵیان له كه‌ركوك بوو، دیسان هه‌ر ده‌مبینی، دوایی كه هاتنه به‌غدا دیسان هه‌ر ده‌هات و ده‌مبینی، به‌ڵام وه‌ك كچی مامۆستا ئیبراهیم لای هه‌موومان رێزێكی تایبه‌تی هه‌بوو".
مام جه‌لال ده‌شڵێت: "كه گه‌یشتمه بیركردنه‌وه له ژنهێنان هه‌زار ره‌حمه‌تی لێبێت حیلمی عه‌لی شه‌ریف هات جیای كردمه‌وه‌و وتی، مام جه‌لال من ده‌مه‌وێت قسه‌یه‌كت له‌گه‌ڵ بكه‌م، تۆ بۆچی هێرۆ ناهێنیت؟ وای باسكرد كه ئێمه وه‌ك خێزانێك واین و پێكه‌وه‌ین و كاری سیاسیش پێكه‌وه ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها مامۆستا ئیبراهیم ته‌مه‌نی به‌ره‌و گه‌وره‌بوون ده‌ڕوات و پێویسته هه‌موومان چاودێری منداڵه‌كانی بكه‌ین و چاومان لێیان بێت".
تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "له راستیدا من بۆچوونه‌كانیم به دڵ بوو، هه‌روه‌ها ره‌وشت و عه‌قڵ و زیره‌كی هێرۆشم به زۆر دڵ بوو، له‌به‌ر ئه‌وه له دانیشتنێكدا به ئاماده‌بوونی ئه‌حمه‌دی دزه‌یی و عومه‌ر ده‌بابه و حیلمی شه‌ریف بڕیارماندا من ژن بهێنم".
مام جه‌لال ئه‌وه‌ش باسدهكات: "ئه‌و پیاوانه وتیان ئه‌وه‌ی پێناوێت، ئێمه سبه‌ینێ ده‌چین داخوازی ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌بوو ئه‌و براده‌رانه بۆ رۆژی داهاتوو چوون داخوازیان كرد و مامۆستا ئیبراهیم پێی خۆش‌بوو وابزانم سه‌ره‌تای نیسانی 1967 بوو".
لە چەند دێڕێک‌دا لە بارەی هێرۆخانی هاوسەری تاڵەبانی ده‌ڵێت: "هێرۆ خان جگه له خێزانم، چه‌ند شتێكی تریشه، یه‌كه‌م وه‌ك دكتۆره بۆ من، به‌ڕاستی زۆر ئاگای له ته‌ندروستیمه، دووه‌م وه‌ك راوێژكاریشه، له زۆر شت‌دا بۆچوون ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ین و پرسی پێده‌كه‌م".
باسی ئەوەشدەکات: "هێرۆ خان مشوور خۆره بۆم، چونكه ئه‌و مشووری زۆر شتی رۆژانه‌ی ژیانم بۆ ده‌خوات، چوارەم هاوڕێمە و بە راستی هەڤاڵە، هێرۆ خۆی شەخسیەتی خۆی هەیە و لە شەخسیەتی مندا نەتواوەتەوە، هەربۆیە ناوەکەشمی هەڵنەگرتووە، ناوی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)ە نه‌ك (هێرۆ تاڵه‌بانی) هه‌روه‌ها گه‌لێكجار جیاوازیشمان ده‌بێت له سیاسه‌ت، ئه‌و رێگایه‌ك ده‌گرێت و منیش رێگایه‌ك".
مام جه‌لال کوڕی حیسامەددین کوڕی نورەڵڵای تاڵەبانی، رۆژی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 1933 لە گوندی کلکانی بناری چیای کۆسرەت لەدایک بووە. سەرەتای منداڵی ھەر لەو گوندە دەبێ، پاشان کاتێک باوکی دەبێتە ڕێبەری تەکیەی تاڵەبانی لە کۆیە، بە ماڵەوە دەچنە ئەوێ و خوێندنی سەرەتایی لەو شارە تەواو دەکات و قۆناغی ئامادەییش لە کەرکوک و هەولێر تەواو دەکات.
مام جه‌لال لە تازە لاوی بە پەیوەست بوون بە پارتی دیموکراتی کوردستان تێکەڵاوی کاری سیاسی دەبێت. لە مانگی شوباتی ساڵی 1953 سەرپەرشتی سازدانی یەکەم کۆنگرەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەکات و ھەر لەم کۆنگرەیەدا بە سکرتێری گشتی ئەو رێکخراوەیە ھەڵدەبژێردرێ و ھەر لە ھەمان ساڵدا دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و ساڵانی 1953-1955 دەبێتە سکرتێری گشتی لاوان. ساڵی 1959، لە کۆلێژی یاسا لە بەغدا، خوێندنی باڵا تەواو دەکات.
تاڵەبانی لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کچی ئیبراهیم ئەحمەد ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنا و دوو کوڕیان هەیە بەناوی قوباد و بافڵ. "بافڵ كوڕه گه‌وره‌كه‌یانه"
15 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر مام جه‌لال وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆماری كورد له مێژووی عیراقدا و یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆمار له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس ده‌ستبه‌كار بوو.
له ساڵی 2003دا دوای ئه‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئهمریكاو هاوپه‌یمانانی توانیان كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو له عیراق بهێنن و رژێمی سه‌دام حسێن بڕووخێنن، ئه‌نجومه‌نێكی كاتی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی عیراق پێكهێنرا كه ماوه‌ی دوو ساڵ له كاره‌كانی به‌رده‌وام بوو.
له 6ی نیسانی 2005دا مام جه‌لال له كۆی 248 ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی عیراقی، 227 ده‌نگی به ده‌ستهێنا و به هه‌ڵبژاردنێكی راسته‌وخۆ به یه‌كه‌مین سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵبژێراوی عیراق هه‌ڵبژێردرا.
ئه‌وه یه‌كه‌مجاربوو له مێژووی عیراقدا كوردێك ببێت به سه‌رۆك كۆمار ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره بوو بۆ گه‌لی كورد.
له‌و ماوه‌یه‌ی كه سه‌رۆك كۆمار بوو تا نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال رۆڵێكی به‌رچاوی گێڕا له به‌ڕێوه‌بردنی عیراق و ناساندنی كورد به هه‌موو جیهان، چونكه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار كه كوردبێت وه‌ك خه‌ون وابوو، هه‌ربۆیه ئه‌مه‌ش وایكرد به‌شێكی زۆر له وڵاتانی جیهانی گرنگی به‌و باسه بده‌ن، له‌لایه‌ن به‌شێكی زۆری عیراقییهكانیشهوه هه‌وڵه‌كانی بهرزدهنرخێندرا چونكه توانیوبووی وه‌ك چه‌ترێك وابێت بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان و كۆیان بكاته‌وه.
ئه‌و رۆژه مێژوویی بوو بۆ گه‌لی كورد چونكه یه‌كه‌مجار بوو له مێژووی حكومڕانی عیراقدا كوردێك وه‌ك سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرا.
هه‌ر له‌و رۆژه‌شدا جۆرج بوش سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پیرۆزبایی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه گه‌وره‌یه‌ی له مام جه‌لال كرد، له‌لایه‌كی تریشه‌وه هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بێ جیاوازی رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی كه كوردێك توانی ببێت به سه‌رۆك كۆماری عیراق، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر له به‌رپرسانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپی و ژماره‌یه‌كی زۆر به‌رپرسان پیرۆزبایی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه له سه‌رۆك مام جه‌لال و گه‌لی كورد كرا.
بۆ جاری دووه‌م له دوای رووخانی رژێمی به‌عس، له‌ساڵی 2010 ده‌نگدانی هاووڵاتیان له سه‌رتاسه‌ری عیراق بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ڕێوه‌چوو كه تێیدا 6281 كه‌س خۆیان كاندید كردبوو له نێوانیشیاندا 1813 ژن هه‌بوون و 325 كه‌س ده‌بوو ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی ببن به ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، دوای ئه‌و هه‌ڵبژاردنه جارێكی تر سه‌رۆك مام جه‌لال وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌و تا ساڵی 2014، سه‌رۆك كۆماری عیراق بوو.
له‌دوای دوو ساڵ و له به‌رواری 2012/12/17 مام جه‌لال نه‌خۆشكه‌وت و ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كرا و ماوه‌یه‌كی زۆر له نه‌خۆشخانه مایه‌وه و له مانگی 7ی 2014دا گه‌ڕایه‌وه هه‌رێمی كوردستان و له ناو ئاپۆڕایه‌كی جه‌ماوه‌ریدا پێشوازی لێكرا.
له‌دوای روخانی به‌عسی له‌ناوچوو و دوای ئه‌وه‌ی كه سه‌رۆك مام جه‌لال وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عیراق هه‌ڵبژێردرا، توانی كه سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عیراق له ژێر چه‌تری پێكه‌وه ژیان كۆبكاته‌وه ئه‌وه‌ش ئه‌ركێكی قورس بوو، هه‌روه‌ها عیراقییه‌كان ئه‌و هه‌وڵه‌یان به‌رز ده‌نرخاند، به‌ڵام له‌دوای نه‌خۆشكه‌وتنی ئیدی كێشه‌كان سه‌ریان هه‌ڵدا و تا ئێستا هیچ كه‌س نه‌یتوانیوه وه‌ك سه‌رۆك مام جه‌لال عیراقییه‌كان پێكه‌وه كۆ بكاته‌وه، مام جه‌لال به‌زیره‌كی و سیاسه‌تی ناوازه‌ی خۆی توانیبوو ئه‌و ئه‌ركه قورسه رایی بكات، چونكه عیراق چه‌ندین پێكهاته له خۆ ده‌گرێت و بیروڕاو مه‌زهه‌بی سه‌رجه‌میان جیاوازه وه‌ك كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و ئێزیدی و ئاشوری و كلدانی و مه‌سیح ... ئه‌مه جگه له‌وه‌ی عه‌ره‌ب كه له دوو مه‌زهه‌ب پێكهاتوون سوننه‌و شیعه.
رۆژی 3ی تشرینی یه‌كه‌می 2017 له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی به‌رلینی ئه‌ڵمانی مام جه‌لال كۆچی دوایكرد و رۆژی 6ی مانگیش لهئاپۆڕایهكی جه‌ماوه‌ریدا و به‌ئاماده‌بوونی لێپرسراوانی باڵای هه‌رێم و عیراق و سه‌رۆك و نوێنه‌ری وڵاتان له‌گردی ده‌باشانی سلێمانی به‌خاك سپێردرا.
AM:10:43:29/05/2020
ئه‌م بابه‌ته 12804
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت