توانا عوسمان: دەسەڵات حەزی لەخۆپیشاندانی توندوتیژە

‌مەسرور بارزانی

وێستگە نیوز-

نووسەر و رۆژنامەنووسێك داوا لەمەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكات جارێ بێتە سلێمانی و لەنزیكەوە دیدار و ئۆفەر بدات بەهێز و گروپە سیاسیەكان و دەڵێت "دەركەوت كاك نێچیرڤان بارزانی لەچاو كاك مەسروردا، نوری سەعیدی سەرۆك وەزیرانی سەردەمی پادشایەتی عێراقە، لەبواری گفتوگۆ و ئیدارەدانی وتوێژی سیاسیدا".

توانا عوسمان نووسەر و رۆژنامەنووسی ناسراو لەپەڕەی خۆی لەفەیسبووك نووسیویەتی، تائێستا ئەزموونی هەرێمی كوردستان مەترسی ڕووخانی لەسەر نیە، چونكە ئەزمونێكی نیمچە قەومیە و پشتیوانی ئێران و ڕەزامەندی ئەمەریكای لەسەرە، بەڵام مەترسی داوەشینی زیاتری لەسەرە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "پشێوی ئەمنی لەهەرێمی كوردستاندا "ئەگەر بەهۆی خۆپیشاندانەوە دروست ببێت" لەبەرژەوەندی هەمان ئەو عەقڵیەتە میلیتارییەیە كە لەهەرێمی كوردستاندا باڵادەستە، چونكە لەدۆخی پشێویدا، ئەفەندی و تەكنۆكراتەكان خۆیان دەشارنەوەو ئەو چەكدارانەشی لەدەرگاوە دەڕۆن، دیسانەوە لەپەنجەرەوە دێنەوە مەیدان".

هەروەها دەڵێت "هەڵەیە وا بزانین دەسەڵاتی میلیتاری دژی خۆپیشاندانی توندوتیژ و بەردەفڕكێ و بارەگا سوتاندنە، چونكە خۆپیشاندانی لەو جۆرە نەفەس كورت و ناشرینە، ژن حەزی لێی نییە، خەڵكی بەتەمەن بەشداری تیا ناكات، گەنجی عاقڵیش خۆی لێ ئەپارێزێت، بۆیە بەبچوكی دەمێنێتەوەو دەسەڵاتیش زوو ئەیشكێنێت و كلتوری خۆپیشاندانی مەدەنیشی پێوە دەسوتێت".

توانا عوسمان روونیكردۆتەوە، خۆپیشاندانی ئاشتیانە و ناڕەزای مەدەنی ڕێكخراو، شتێكە كەدەسەڵاتی میلیتاری و ئەمنی حەز ناكات لەدایك ببێت، چونكە هێزی پشوو درێژی كۆمەڵگەیە و ئەگەری فراوانبوون و بەكلتوربوونی هەیە.

ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسە روودەكاتە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و دەڵێت "كاك مەسرور بارزانی نابێت وابزانێت بەوتارێكی تەلەفزیۆنی هێزە سیاسیەكانی كوردستان قەناعەت دەكەن بە هاریكاری و پێكەوەكاركردن، ئەو دەبێت جارێ بێتە سلێمانی و لەنزیكەوە دیدار و ئۆفەر بدات بەهێز و گروپە سیاسیەكان، دەركەوت كاك نێچیرڤان بارزانی لەچاو كاك مەسروردا، نوری سەعیدی سەرۆك وەزیرانی سەردەمی پادشایەتی عێراقە، لەبواری گفتوگۆ و ئیدارەدانی وتوێژی سیاسیدا".

لەكۆتاییشدا دەڵێت "بەوردبونەوە لەبڕی قەرزەكانی هەرێم، تێگەیشتم كە لەبری ئەوەی حكومەتی هەرێم قەرزاری هەموومان بێت، هەموومان قەرزاری كاك ئەحمەد ئیسماعیل و شێخ باز و حاجی تۆفیقین".


PM:04:38:28/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 5480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو