هه‌وڵێك له‌ ئارادایه‌ حه‌لبوسیش به‌ ده‌ردی عه‌بدولمه‌هدی ببرێت


وێستگه‌ نیوزـ

ماوەیەكە جموجۆڵێكی پەرلەمانی بۆ دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لەكارەكەی دەستی پێكردوە، به‌ڵام پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا كارەكە بە ئەستەم دەزانێت.  
  
لە بەهێزترین ئەو لایەنە سیاسیانەی كە خواستی دورخستنەوەی سەرۆكی پەرلەمانیان هەیە ئیئتلافی سائیرون به‌ سه‌رۆكایه‌تیی موقته‌دا سه‌در و ئیئتلافی فەتح، به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامرین، چونكه‌ بەهۆی گەورەیی فراكسیۆنەكانیانەوە ئه‌و دوو كوتله‌یه‌ ڕۆڵی كاریگەریان لە په‌رله‌ماندا هەیە.  
  
ژمارەیەكی دیكه‌ی پەرلەمانتاران جەخت لەوە دەكەنەوە، داوای دورخستنەوەی حەلبوسی لە كارەكەی سیاسی نییە و بۆ كەمتوانایی لە بەڕێوەبردنی پۆستەكەدا دەگەڕێتەوە.  
  
عالیە نه‌سیف، پەرلەمانتاری ئیئتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا ڕایگەیاندووە، دوورە هاوپەیمانی سائیرون و ئەوانەی لەگەڵیدان سەركەوتوو بن لە لەسەركارلابردنی سەرۆكی پەرلەمان لە پۆستەكەی، پێشی وایه‌ زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان لەو باوەڕەدان هۆكاری سستی كاری پەرلەمانی لە ماوەكانی ڕابردوودا لە ئەنجامی كێشە و گیروگرفت لەكاری دەستەی سەرۆكایەتیەوە بەتایبەتی حەلبوسی.  
  
به‌ڵام باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاندووە، بنەمای یاسایی بۆ دوورخستنەوەی حەلبوسی ئامادەن و جموجۆڵێكی توند هەیە بۆ دوورخستنەوەی ناوبراو لە پۆستەكەی لەدوای جەژنی ڕەمەزان.  
  
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، پەكخستنی دانیشتنەكان و سوێند شكاندنی دەستوری و پێچەوانەی یاساكان جوڵانەوە و نەخستنە ڕووی تانەكان هەمویان هۆكاری بەسن بۆ دوور خستنەوەی حەلبوسی.  
  
  
به‌وتی خه‌شان " حەلبوسی نەزانە و هۆشیاری و هەستی بەرپرسیارێتی بۆ بەڕێكردنی قەیرانەكان نییە و سەلماندی كە لەبەڕێوەبردنی پۆستەكەدا شكستی هێناوە.  "
  
لای خۆشیەوە ڕیاز مەسعودی، پەرلەمانتاری ئیئتلافی سائیرون پێوایە داوای دورخستنەوەی حەلبوسی لە پۆستەكەی ئامانجی سیاسی لەپشتەوە نییە بەڵكو پەیوەندی بە پەكخستنی كاری پەرلەمانیەوە هەیە بۆ ماوەیەكی دوورو درێژ بەبێ هۆكار و سائیرون و ژمارەیەكی تری فراكسیۆنی پەرلەمانی شانبەشانیان بۆ ئەو داواكارییە وەستاون.  


AM:11:10:26/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 2316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت