دابه‌زینی نرخی نه‌وت بۆ خوار 37 دۆلار واتای چی و ئه‌مه‌ چۆن روو ده‌دات


وێستگه‌ نیوزـ

نرخی نەوت لە ئەمریکا ئەمڕۆ بۆ یەکەمینجار گەیشت بە ژمارەیەکی نێگەتیڤ بۆ ئەو نەوتەی کە دەستبەجێ راده‌ست بکرێت، گه‌یشتنی نرخه‌كه‌ به‌ 37 دۆلار بۆ ژێر سفر واتای ئه‌وه‌یه‌ ئەگەر خاوەنی نەوت بیت و ناچاربیت بیفرۆشیت، کەس نییە لێتی بکڕێت و ئەگەر دەتەوێت لەکۆڵ خۆتی بکەیەوە دەبێت بۆ هەر بەرمیلێک زیاد لە 30 دۆلار بدەیت!

ئەمە چۆن روودەدات؟
گریمان بڕێک شمەکت کڕیبوو و ئێستا لە عەمارێکی کرێدا داتناوە، پێویستیشت بەوەیە بە زوترین کات شمەکەکان ساغ بکەیتەوە تا پارە و قازانجەکەیت دەست بکەوێتەوە، گریمان پارەکەیت بە قەرز وەرگرتوە و بۆ هەر ڕۆژێک بڕێک سودی دەچێتەسەر، لەپاڵ ئەوەشدا بۆ هەر ڕۆژێک مانەوەی ئەو شمەکە دەبێت پارە بدەیت بە خاوەن عەمبارەکە، ئەگەر بۆت نەفرۆشرا لە ماوەی دیاریکراودا، ئەوا مانەوی هەر ڕۆژێک لە قازانج دەخوات، تا دەگاتە ئەوەی لە مایە بخوات. 

لەو حاڵەتەدا چاکترە بیبەخشیتەوە بە خۆڕایی وەک لەوەی سەرەڕای مایەپوچی، پارەی عەمباریش لەسەرت ڕۆژانە زیاد بکات، ئەگەر کەست نەدۆزییەوە بە خۆڕاییش لێتی وەربگرێت ئەوا رەنگە بڵێیت لەگەڵ خۆڵ و خاشاکدا فڕیی دەدەم.

بەڵام ئەگەر ئەو شمەکە، نەوتی خاو بێت و هەموو عەمبارەکانی وڵاتەکەت پڕ بن لە نەوت و کەسیش نەوتی نەوێت چونکە لەبەر کۆرۆنا و خۆکەرەنتینکردنی وڵات نزیکەی 30 ملیۆن کەس بێکار بن و ژمارەکە لە زیادبووندا بێت و کارگە و کارخانەکان وەستابن، ئۆتۆمبێلەکان لە گەراجی ماڵان وەستێنرابن، دنیا روو لە گەرمبون بێت و کەس وەک زستان پێویستی بە خۆگەرم کردنەوە نەبێت، چی دەکەیت؟

کەس نەوتی خاوت لێ وەرناگرێت
کەس نەوتی خاوت لێ وەرناگرێت، گەر بیسوتێنیت، یان لەسەر زەوی بیڕژێنیت، یان بیکەیتە دەریاوە، ئەوا کارەساتێکی ژینگەیی گەورە دەخوڵقێنیت و جگە لەوەی دەچیتە زیندانەوە پارەی پاککردنەوەی ژینگەشت 100 هێنده‌ی پارەی نەوتەکەت لێ دەسەنن.

لە حاڵەتی وادا یان دەبێت بیخەیتە کەشتی نەوتهەڵگری دەریاکانەوە و رۆژانە پارە بدەیت تا بە ناو دەریاکاندا پیاسە بە نەوتەکەت بکەن، یان دەبێت خاوەنی عەمبارەکان کە زۆربەیان پڕ بوون بەوە رازی بکەیت نەوتەکەت لە کۆڵ بکەنەوە و تۆش مەمنون بیت کە لەسەروو نەوتە بەلاشەکەش پارەیان بدەیتێ، ئەمڕۆ حاڵی فرۆشی نەوتی ده‌ستبەجێ لە ئەمریکا بەم سیناریۆیە گەیشت.

ئەمە بۆ داهاتوو چی دەگەیەنێت؟
پڕبوونی عەمارەکانی نەوتی ئەمریکا جگە لەوەی ئەو حاڵەتەی ئەمڕۆی لێکەوتەوە، هۆکارێکی گرنگی دابەزینی نەوتی ڕادەستکردنی مانگانی داهاتویشی لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر رەوڕەوەی بەرهەمهێنان و پیشەسازی گشتیی جیهانی بەمزووانە نەکەوتە کار. 

راگرتنی دەستبەجێ و بەرفراوانی بەرهەمهێنانی نەوت تاکە ئەڵتەرناتیڤێکی بەرچاوە لە ئێستادا چونکە بەگەڕخستنەوەی ئابووریی جیهان بێ گوێدانە رێنمایی و زانستە پزیشکییەکان ئاکامەکەی سەرهەڵدانەوەیەکی خراپتری پەتای کۆرۆنا دەبێت و دەرهاویشتە ئابورییەکانی ۆر لە ئێستا خراپتر دەبێت.

ئەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت، وەک ئێمە، چی بکەن؟
بەرهەمهێنانی نەوت بێگوێدان بە ئاکامە ئابورییەکانی، وڵاتانی وەک ئێمەش نزیکی ئەو وێنەی ئەمریکا دەکاتەوە، پاراستنی ئەم سامانە نەتەوەییە بۆ نەوەکانی داهاتوو ناچارمان دەکات کە بەشدارێکی چالاک بین لە کەمکردنەوەی زۆر خێرای خستنەڕووی نەوت لە بازاڕی جیهاندا.  

ڕێککەوتنەکەی‌ ئەمدواییەی‌ ئۆپیک و وەبەرهێنەرانی‌ دیکە کە عیراقیشی تێدا بوو نەیتوانی‌ بەها بۆ نرخی‌ نەوت بگەرێنێتەوە، کە بەهۆی‌ قەیرانی‌ کۆرۆنا و جەنگی‌ نرخەکانەوە ڕووی‌ لە دابەزین کردوە.

ململانێی روسیا و سعودیە
ئاژانسی‌ بلومبێرگ ڕۆژی‌ یەکشەممە هۆشداریی دابوو لە پاشەکشەی‌ نرخی‌ نەوت بەجۆرێک کە وەبەرهێنەرانی‌ تەکساس ناچاربن پارە بدەنە کڕیاران بۆ ئەوەی‌ رزگاریان بێت لەو نەوتەی‌ کۆگایان کردووە، هاوکات بەپێی ئاژانسی‌ ڕۆیتەرز، ململانێی روسیا و سعودیە بەکردەیی بەردەوامە بەتایبەتی‌ لە جیهانی‌ نرخی‌ گرێبەستە دواخراوەکان، ئەو جەنگە لەپێناو دەستکەوتنی‌ پشک لە بازاڕەکان بەتایبەتی‌ ئاسیا بەردەوامە.

ئەو دوو وڵاتە هەفتەی‌ ڕابردوو ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ گرتنەبەری‌ رێوشوێنی‌ تایبەت لە مانگی‌ داهاتووەوە، بە ئامانجی‌ بەدیهێنانی‌ هاوسەنگی‌ لە بازاڕدا لەرێگای‌ کەمکردنەوەی‌ بەرهەمهێنانەوە لەگەڵ ئەندامانی‌ ئۆپیک.

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیایەکی‌ بازرگانی‌ دەڵێت، "لەپشت ئەو لێدوانانەوە ململانێیەکی‌ شاراوە هەیە کە تائێستا بەردەوامە".

ئاماژەی‌ بەوەشکرد، نرخی‌ فەرمی‌ فرۆشتنی‌ نەوتی‌ سعودیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی‌ کە ئەو وڵاتە هەوڵدەدات بازاڕەکانی‌ ئاسیا بە ئامانج بگرێت، لەکاتێکدا ڕوسیا پشت بەو بازاڕە بەستوە لەوکاتەوە کە بۆریی‌ ڕۆژهەڵاتی‌ سیبریا و زەریای‌ هێمن، کە 1.6ملیۆن بەرمیلی‌ ڕۆژانە دەگوازێتەوە، کەوتوەتە کار.

سه‌رچاوه‌: ناس نیوز


PM:11:55:20/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 6284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو