پارێزگاری سلێمانی په‌یامێك ئاراسته‌ی موسڵمانان و باوه‌ڕداران ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

پارێزگاری سلێمانی په‌یامێكی ئاراسته‌ی موسڵمانان و باوه‌ڕداران كرد و ستایشی هه‌وڵی زانا و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و هه‌موو ئایینه‌كانی دیكه‌ كرد كه‌ به‌شداریی كارایان له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنادا هه‌بووه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 10ی نیسانی 2020، د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی په‌یامێكی ئاراسته‌ی زاناو داناو مامۆستاو كەسایەتییە باوەڕدارە ئاینییەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و هەموو ئایین‌و ئایینزاو باوەڕو مەزهەب‌و مەدرەسەو تەریقەتەكان و بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە ڕۆژی هەینی (موسڵمانان و باوەڕداران)ی لێ پیرۆز كردن.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا پارێزگاری سلێمانی ده‌ڵێت "لەبەرامبەر پشتیوانیی‌و بەشداریی كارایانەتان لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنادا، سوپاس‌و ستایش‌و پێزانینی خەڵك‌و خۆمانتان پێشكەش دەكەین، پابەندیی ‌و خۆڕاگریی ‌و خۆپارێزیی ئێوەی پێشەوایانی مزگەوت ‌و مینبەر و میحراب‌ و كڵێساو پەرستگاكان، وتار و ئامۆژگاریی ‌و ڕێنمایی‌ و ڕێبەرییەكانتان بۆ هاونیشتمانانی كوردستان‌ و ئاگاداركردنەوەی خەڵك لە مەترسییەكانی ئەم پەتایە، ڕۆڵێكی دیارو شایستەی بینی لەو ئەنجامە سەركەوتووانەی كە بە پشتیوانیی خودای مەزن‌و پابەندیی هاوڵاتیان و بەشداریی كارایانەی ئێوەی بەڕێزو ئیرادە و كار و هیممەتی دامودەزگا نیشتمانیی‌و دەوڵەتییەكان بەدەست هاتوون."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر داوای لە هەموو دەزگاو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن‌ و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كردوه‌ كە ئەوانیش وەك بەشێكی كاریگەری دامەزراوە نیشتمانییەكان ڕۆڵی شایەنانەی خۆیانیان بینیوە، دەرفەت‌ و كات ‌و بەرنامەی پێویست بۆ زانا ئایینییەكانمان بڕەخسێنن بۆئەوەی هەموو بەیەكەوە بتوانن كاروانی تەندروستیی بە سەركەوتن بگەیەنین.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌شیدا ده‌ڵێت "سوپاس كە لە هەموو بەرنامە و هەوڵ ‌و هەنگاوێكدا لەگەڵماندابون، سوپاس كە لە بانگی مینبەری مزگەوت‌و زەنگی كڵێساو ناوەندە ئایینییەكانی ترەوە بەشداربوون لە ئاگاداركردنەوەی خەڵك بۆ پابەندبوون بە ڕاگرتنی هاتووچۆو تێكەڵاونەبوون‌ و خۆپارێزیی و تاكپارێزیی."


PM:01:13:10/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 5264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو