دوو برا لەسەنگەری پێشەوەی رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنان

‌لەشكر و د.شوان

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

لەشكر و د.شوان وەك دوو برا لەدوو بواری جیاوازدا لەسەنگەری پێشەوەی رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنان، یەكێكیان كە خێزاندارە و كوڕەكەی هەیە، بەزەردەخەنەوە دەڵێت "كوڕەكەم شەوانە پێش خەوتن زۆرجار سوێندم دەدات كە بەیانی نەڕۆم بۆ دەوام".

لەشكر حەمید تەمەنی 36 ساڵە و بەكالۆریۆسی لەزانستی خۆراك بەدەستهێناوە و ئێستا سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی مەڵبەندی سلێمانییە و لەكاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەوتەی خۆی بۆ وێستگە نیوز، رۆژانە لانیكەم 16 كاتژمێر لەدەوامن و زۆرترین بەركەوتنیان هەیە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی.

لەشكر و ستافەكانی قایمقامیەت وەك چۆن رێنمایی هاوڵاتیان دەكەن بۆ خۆپارێزی،  خۆیشیان بەردەوام خۆپارێزی دەكەن بۆ ئەو مەبەستەش بەبەردەوامی دەستكێش و دەمامك بەكاردێنن.

لەم كاتەدا ستافی تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان و میدیاكاران بەردەوام لەدەرەوەن و بەركەوتنیان لەگەڵ خەڵكدا هەیە، مەترسی ئەم ڤایرۆسەش لەوەدایە لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە، بۆیە ئەو توێژانە ئەگەر تووشی ڤایرۆسەكە ببن، دەبێت كەسە نزیكەكانیشیان كەرەنتینە بكرێن.

لەشكر وەك خۆی باسیكرد، بەهاندانی خێزان و كەسوكاریان لەكاركردن بەردەوامن و وتی "لەماوەی مانگێكدا یەكجار دایك و باوكمم بینیوە، شەوانیش دوای 11.30 خولەك دەگەڕێمەوە و بەیانیانیش 7.30 لەدەرەوەم".

ناوبراو خێزاندارە و كوڕێكی تەمەن شەش ساڵیشی هەیە، بەزەردەخەنەوە باسی كاتەكانی بینینی كوڕەكەی كرد و وتی "كوڕەكەم شەوانە پێش خەوتن زۆرجار سوێندم دەدات كە بەیانی نەڕۆم بۆ دەوام، لەم ماوەیەشدا بەهۆی مەترسی ڤایررۆسەكە كەمترین جار ماچي كوڕەكەم كردووە و زۆرترین كات دەست بە قژی دێنم".

لەشاری سلێمانی بنكەی تەندروستی عەلی ناجی بۆ پشكنینی گومانلێكراوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەرخانكراوە و ستافێكی پزیشكی كاری تێدا دەكەن، د.شوان حەمید، برای لەشكر، لەوێ كار دەكات، د.شوان لەكۆتایی 25 ساڵی تەمەنییەتی و سێ ساڵ لەمەوبەر كۆلێجی پزیشكی گشتی تەواو كردووە و لەنەخۆشخانەی (شار) دەوام دەكات.

د.شوان وەك زۆربەی پزیشك و كارمەندانی دیكە خۆی داوایكردووە بۆ پشكنینی كۆرۆنا لەنەخۆشخانەی عەلی ناجی كار دەكات و وتی "لەبەرئەوەی ئەو شوێنە  هەستیارە و هەموو كەس ناتوانێت كاری تێدا بكات، بەڵام لەبەرئەوەی خۆم كەسێكی دیندارم ویستم لەوێ خزمەتی زیاتر بكەم، تائێستاش كەسمان تووشی ئەو ڤایرۆسە نەبووین، بەڵام ئاگاداری خۆشمانین".

دۆخی شاری سلێمانی بەراورد بەناوچەكانی دیكە بۆ رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەئاستێكی باشترە، بەڵام بەرپرسان بەردەوام هۆشداری بەهاوڵاتیان دەدەن بۆ خۆپارێزی زیاتر.

د.شوان وتی "هەست بەدڵخۆشی دەكەین و هەست دەكەین شاری سلێمانی بەرەو باشبوون دەڕوات، بەڵام دەبێت خەڵك زیاتر پابەندبن بۆ ئەوەی ڤایرۆسەكە بەتەواوی كۆتایی بێت، چونكە ئەگەر پابەند نەبن، دوور نییە لەكەسێكەوە هەموو كەس تووش ببێتەوە".

ئەو دوو برایە هەست بەدڵخۆشی دەكەن كە هەردووكیان لەم كاتەدا خزمەتی هاوڵاتیان دەكەن، د.شوان دەڵێت، هەستێكی بەرزە كە توانیویانە لەگەڵ براكەیدا لەم كاتە هەستیارەدا خزمەت بكەن.


AM:11:58:10/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 18704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت