له‌ سلێمانی رێكاری نوێی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ راگه‌یه‌ندرا

‌هه‌رێمی كوردستان له‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا

وێستگه‌ نیوز ـ
لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی چەند رێکارێکی نوێی قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند و باس لەوە دەکات، لە 12ی نیسانەوە کوتانی دژی سیل و ئیفلیجی و هەوکردنی جگەر بۆ منداڵان دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، " لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 12ی نیسانەوە، دەست بە کوتان دژی سیل و هەوکردنی جگەرو ئیفلیجی منداڵان دەکرێتەوە بە دوو قۆناغ، قۆناغی یەکەم ئەو مناڵانە دەگرێتەوە کە لەپێش (20/ 3/ 2020) دا لەدایکبوون و لە قۆناغی دووەمدا ئەو منداڵانە دەگرێتەوە، کە لەدوای ئەو ڕۆژەوە لەدایکبوون، بەشێوەیەک کە خێزانەکان پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکانەوە".

باس لەوەشکراوە، "لە کاتژمێر 12ی شەو تا هه‌شتی بەیانی ڕێگا بە جوتیاران دەدرێت سەردانی کێڵگەو شوێنە کشتوکاڵییەکانیان بکەن، بە مەرجێک یەکێک لەم بەڵگەنامانە پیشانبدەن (گرێبەستی کشتوکاڵیی، خاوەندارێتی زەوی کشتوکاڵی بە تاپۆ، مۆڵەتی پڕۆژەکەی، بەڵگەیەکی فەرمیی کە سەلمێنەری کارە کشتوکاڵییەکەی بێت) و پابەندی تەواوی ڕێکارە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان بن".

ئەوەش هاتووە: "لە کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆ تا شه‌شی پاش نیوەڕۆ رێگەیان پێ دەدرێت بگەڕێنەوە ناوشار، بەهەمان ئەو مەرجانەی سەرەوە".

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئاڵوگۆڕ و هاتوچۆی کۆمپانیاکانی پاسەوانیی (سکوریتی)، بەیانیان لەماوەی دوو کاتژمێردا لە 6 بۆ 8 و ئێوارانیش لەماوەی دوو کاتژمێردا لە  6 بۆ 8 دەبێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە هەرێم لە 14ی ئازارەوە قەدەغەی هاتوچۆ جێبەجێدەکرێت، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیش 31ی ئازار رایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ تا 10ی نیسان درێژدەکرێتەوە.

هــ. ر


PM:06:28:08/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 39764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو