گژوگیای بەھاری، لەنێوان کۆڕۆنا و تەقەمەنی ناوچە کوێستانییەکاندا!
مەیدانی گژوگیای بەھاری لە شاری قەڵادزێ، ناوەڕاستی مانگی یەکەمی وەرزی بەھار دەست پێ دەکات
وێستگه نیوز - ڕاپۆرت: محەمەد چاوشین/ قەڵادزێ
ئێرە ناو جەرگەی بازاڕی قەڵادزێیە. پێش بڵاو بوونەوەی کۆڕۆنا ڤایرۆس، ئەو شوێنە یەکێک بوو لە قەرەباڵغ ترین شوێنەکانی ناو شار.
بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا ڤایرۆس و ڕاگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە، ئێستا ئەو شوێنە ھیچ چەشنە جەنجاڵی و قەرەباڵغییەکی پێوە دیار نییە.
بەڵام لەگەڵ ئەو بارودۆخە ناھەموارەشدا کە کۆڕۆنا ڤایرۆس ھێناویەتە کایەوە، ھێشتا خەڵکانێک ھەن ڕوو لەناوچە کوێستانییەکانی دەڤەری پشدەر دەکەن بۆ ھێنانی گژوگیای بەھاری و دواتر لەناو بازاڕ بەسەر موشتەرییەکانی خۆیاندا ساغی دەکەنەوە.
"مام عەوڵا" تەمەنی زیاتر لە ٥٠ ساڵ دەبێت، باسی وەرزی ھێنانی گیاگۆڵی بەھاری دەکات و دەڵێت"مەیدانی گژوگیای بەھاری لە شاری قەڵادزێ، ناوەڕاستی مانگی یەکەمی وەرزی بەھار دەست پێ دەکات و تاکوو ناوەڕاستی مانگی (ئایار) بەردەوام دەبێت، لێرە زۆر گژوگیای وەكوو ڕێواس، کنگر، کوڕادە، لووشە، پێچووکە، کارگ، ئەسرێلک، سیرمۆکە، قەزوان و … زۆر گژوگیای دیکەش دەست دەکەوێت".
من سەبارەت بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆڕۆنا و قەدەغەی ھاتووچۆ لە"مام عەوڵا"دەپرسم، ئەویش ھەناسەیەک ھەڵدەکێشێ و بە نیگەرانییەوە دەڵێت" ھیچ چارمان نییە، کار و کاسبیمان نییە، زۆرینەی ئەوانەی گژوگیای بەھاری دێنن لە چینە ھەژار و گیرفان بەتاڵەکانن، خۆ دەبێ پاروە نانێک پەیدا بکەین!".
بە تەنیشت مام عەوڵاوە، کوڕێکی گەنج دانیشتووە، باوەشێک (ڕێواس)ی لەپێش خۆی داناوە و بەدەنگێکی بەرز ھاوار دەکات کە ڕێواسی باش و ناسکی ھەیە، جاروباریش بە دەنگێکی کەمێک بەرزتر بانگەشەی ئەوە بۆ ڕێواسەکانی دەکات کە "ترش و خۆش و بەتامە، دژە ڤایرۆسە و بۆ چەندین نەخۆشی بەسوودە".
ئەو کوڕە ناوی ئامانجە، ئامانج دەیگوت" ئەم ساڵ گژوگیای بەھاری زۆرە، بەڵام موشتەری کەمە، یان ھەر نییە".
"ساڵانی پێشوو لە ھەولێر و سلێمانی و کەرکووکەوە کڕیار دەھاتن بۆ بازاڕی قەڵادزێ و گژوگیای بەھارییان دەکڕی، بەڵام ئەو ڤایرۆسە لێمان قوت بۆتەوە و ھیچ کاروکاسبی و جموجۆڵێكی نەھیشتووە". ئامانج وایگوت.
بەشێکی زۆری ناوچەی پشدەر ناوچەیەکی کوێستانییە و بە چیا و زنجرە شاخی بەرز دەورە دراوە. ھەموو ئەو گژوگیا بەھارییانەش لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەھێنرێن و دواتر لەناو بازاڕەکاندا ساغ دەکرێنەوە.
بەشێکی زۆری ئەو ناوچە شاخاوییانەش کە کەتوونەتە نێوانی سنوورەکانی ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستانەوە، کاتی خۆی مەیدانی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان (عێراق - ئێران) بووە. بۆیە تا ھەنووکە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە پڕیەتی لە پاشماوەی تەقەمەنی و مینی جۆراجۆر.
"ئامانج"دەیگوت"ھێنانی ئەو گژوگیا بەھارییانە ھێندەش ئاسان نییە کە کڕیارەکان لێی دەڕوانن!، ئەگەر بە ھەستیاری و وریاییەوە ڕوو لە ناوچە کوێستانییەکان نەکەین، بێگومان مەرگ یان کەم ئەندامی بەدواوەیە".
"ھەندێک جار، ھەژاری و کەم دەرامەتی وا لەمرۆڤ دەکات لە شیرین ترین بەشی جەستەی خۆی ببورێ کە گیانیەتی". ئامانج وایگوت.
PM:08:15:07/04/2020
ئهم بابهته 4888
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت