له‌ ئێران 133 كه‌سی تر به‌ كۆرۆنا گیانیان له‌ ده‌ستدا

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 133 کەسی دیکە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 89 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسەکەش تۆمارکراوە.

کیانوش جیهانپور، وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ تەندروستیی ئێران ئاماژەی‌ بەوەکردووە، ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا گەیشتووەتە 62 هەزار  و 589 کەس و لەو ژمارەیە سێ هەزار و 872 کەس گیانیان لەدەستداوە.

روونیشیکردووەتەوە، باری تەندروستی 33 هەزار و 987 کەس ناجێگیرە و 27 هەزار و 39 کەسیش چاکبوونەوە.

هاوکات، حەمید سوری ئەندامێکی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران بە ئاژانسی ئیرنای راگەیاندوە، ئەو ژمارەیە ورد نییە، بە پێی خەمڵاندنەکانیان نزیکەی 500 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون.

باسی لەوەشکردووە: لە چەند پارێزگایەک لەوانە تاران، خۆراسان، ورمێ، کرماشان، بوشەهر و خوزستان ئامارەکانی تووشبوون لە هەڵکشاندایە و لە هیچ پارێزگایەک ئامارەکان روویان لە کەمبوونەوە نەکردوە.

ئێران لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمارکردووە، بە گوێرەی چاودێرانیش، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە کاریگەری لەسەر تواناکانی حکومەت بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسەکە هەبووە.

هــ. ر


PM:02:22:07/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 1840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو