هێمن مامه‌ند بۆ دووه‌مجار چۆن ده‌ستگیر كرایه‌وه‌

‌هێمن مامه‌ند

وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مشه‌و بۆ دووه‌مجار هێمن مامه‌ند، رۆژنامه‌نوسی شاری هه‌ولێر ده‌ستگیركرایه‌وه‌ و سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی كردن له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان پێی وایه‌ كه‌ دەسگیركردنه‌كه‌ "هەم  زیادەڕۆییە لە هەڵسەنگاندنی مەترسی قسەكانی، هەم دڵرەقییە بەرامبەر خێزانەكەی كە بە درەنگانێكی شەو هەڵدەكوتنە سەری".

له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نوس هێمن مامه‌ند، سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی كردن له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "لە كاتێكدا رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەنوسی داوا لە سەركردەكانی جیهان دەكەن، رۆژنامەنوسە بەندكراوەكان ئازاد بكرێن تا سەلامەت بن لە هەرەشەی COVID-19، بەڵام درەنگانێكی ئەمشەو هێزێك چوونەتە سەر ماڵی هێمن مامەند و دەستگیریان كرد."

سه‌نته‌ری میترۆ پێی وایه‌ "دەسگیركردنی هێمن مامەند هەم زیادەڕۆییە لە هەڵسەنگاندنی مەترسی قسەكانی، هەم دڵرەقییە بەرامبەر خێزانەكەی كە بە درەنگانێكی شەو هەڵدەكوتنە سەری."

سەنتەری میترۆ راشیگەیاندووە"لە دەستگیركردنی پێشوی هێمن مامەند وەك كەیسی دەربڕینی بیروڕا تەماشامان كرد داوامان كرد بەكەفالەت ئازاد بكرێت، ئێستاش وێڕای دەربڕینی نارەزایمان لە شێوازی مامەڵكردن لەگەڵ ئەم كەیسە، داوا دەكەین بە كەفالەت ئازاد بكرێت."

سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی ده‌ستگیركردنی هێمن مامه‌ند، دایه‌ سه‌عدیه‌، دایكی ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ وتی: "لە دەرگایان دا و كردمەوە، وتیان كوا هێمن؟ ترسام شتێكی لێ بكەن بۆیە وتم لە ماڵەوە نییە. یەكێكیان وتی لە ماڵەوەیە، 10 بۆ 15 كەس بوون لەگەڵ چەندین سەیارەی نەژدە لە بەردەگا وەستابوون، هەڵیانكوتایە ماڵەوە و تا سەربان رۆیشتن و هێنایانە حەوشە".

دایك هێمن ده‌ڵێت یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ كه‌ " زابت بوو وتی با جلەكانی بگۆڕێت،ئەوانەی هاتن هەموویان چەكدار بوون، نەیان وت بۆچی دەستگیری دەكەن و بۆ كوێی دەبەن بەم شەوە."  

نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی لەهەرێمی کوردستان ده‌ڵێت تائێستا خێزانەكەی هێمن مامەند نازانن كوڕەكەیان بۆ كوێ براوە و لەسەرچی و بە فەرمان و سكاڵای كام لایەن دەستگیركراوە و وتی "ئەوانەی بانگەشەی سەقامگیری و ئاسایش دەكەن لەگەڵ خەمی پاراستنی خەڵك، ئەم جۆرە كارانەتان هاوشێوەی دزی و گەندەڵی و كارە حزبی وسیخوڕییەكانتان ناشرینترتان دەكات."

نیاز عه‌بدوڵا رایگه‌یاندوه‌ "دەستگیركردنەوەی هێمن مامەند لە كاتژمێر 1ی ئەم شەو و هەڵكوتانە سەر ماڵیان و بردنی بە بەرچاوی دایكی، كە هێشتا شۆكی شێوەی دەستگیركردنی 14 رۆژ لەمەوبەری كوڕەكەی بەری نەداوە، شەرمەزارییەكی گەورەیە بۆ دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەكان و ئەو لایەنانەی وا بە ئاسانی فەرمانی دەستگیركردن لەبەرامبەر رەخنە دەردەكەن و ئامادەنین پێڕاگەیاندنی ئامادەبوون بۆ بەردەم دادگا بگەیەنن بە سكاڵا لەسەر تۆماركراو و راستەوخۆ فەرمانی دەستگیركردن دەردەكەن."

رۆژی 24ی ئازاری 2020، بەهۆی ڕەخنەگرتن لە دواکەوتنی موچە و پۆستکی فەیسبووکەوە، هێمن مامەند دەستگیرکرا، دوای 10 ڕۆژ لە دەستگیرکردن بە کەفالەتی 10 ملیۆن دیناری عیراقی ئازادکرا، بەڵام دەرنگانێکی‌ شەوی‌ رابردوو دەستگیرکرایەوە و تا ئیستاش هیچ هۆکارێک بۆ دەستگیرکرنەوەی‌ ئاشکرانەکراوە.


PM:12:13:07/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 6664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو