مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی: كارمەندانی تەندروستی و ھێزەكانی ناوخۆ جەنگاوەری پێشەوەی جەنگی كۆرۆنان


وێستگه‌ نیوزـ

مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ كارمەندانی تەندروستی و ھێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ كە جەنگاوەری پێشەوەی جەنگی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنان، هاوكات پێشوازیشی له‌ بڕیاری حكومه‌تی هه‌رێم كرد كه‌ ده‌ستكاریی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ناكات. 

ئێوارەی ئەمڕۆ 2ی نیسانی 2020، لە دەباشان بەسەرپەرشتی لاھور شێخ جەنگی، ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و دواتر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردوه‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌ "كۆبونەوە بە ڕێزێكی زۆرەوە روانییە پابەندبوونی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە رێنماییە تەندروستییەكان و رێكارەكانی حكومەتی ھەرێم و ستایشی شەونخونی و بێسنوری پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و ھێزەكانی ئاسایش و ناوخۆی كرد كە جەنگاوەری پێشەوەی جەنگی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیانن".

هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی گفتوگۆی لەسەر لێكەوتە و كاریگەرییەكانی ئەم دۆخە سەختە لەسەر ئابوریی ھەرێم و عیراق و جیھان كردوه‌ و وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی "بەدەست خۆشییەوە پێشوازیی كرد لە بڕیاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە ده‌ستكارینەكردنی مووچەی فەرمانبەران سەرەڕای  سەختی بارودۆخەكە."

لە كۆبونەوەكه‌ی ئه‌مڕۆی مەكتەبی سیاسی یه‌كێتیدا د. رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بەشێك لە تیمی یەكێتی لە حكومەت بەسەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ئامادە بوون.


PM:10:33:02/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 4320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت