وتەبێژی دەستەی ژینگە: بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ ژینگەی هەرێم زۆر پاک بوەتەوە


وێستگه‌ نیوزـ

وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند كه‌ بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ ژینگەی هەرێم زۆر پاک بوەتەوە و پێشنیازی بۆ حکومەتی هەرێم كرد ساڵانە و لە وەرزی هاویندا سێ رۆژ هاتوچۆ قه‌ده‌غه‌ بکرێت.

هەندرێن شێخ راغب، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان به‌ وێستگە نیوزی راگه‌یاند: لەسەر ئاستی جیهاندا ئەمریکا و چین گەورەترین رۆڵ لە خراپکردن و پیسکردنی ژینگەدا دەبینن، رۆژانە بەهۆیشزۆری بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل هەشت ملیۆن لیتر بەنزین لە هەرێمی کوردستان دەسوتێنرێت، هەروەها چوار هەزار و 415 مۆلیدەی ئەهلی بە گازوایل کاردەکەن، ئەوەش جگە لە دەیان پاڵاوگەی نەوت ئەوەش وایکردبوو ژینگەی کوردستان زۆر پیس ببێت.

وتیشی: داوامانکردبوو ئەگەر لە رۆژی ژینگەی کوردستاندا سێ خولەک هاتوچۆ لە هەرێم رابگیرێت، ئێمە سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدەهێنن، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی مانگێکە هەمو جوڵەیەکی هاتوچۆی راگرتوە ئەوەش کاریگەری ئەرێنی بۆ پاک کردنەوەی ژینگە هەبووە.

هه‌ندرێن شێخ راغب ئاشكراشیكرد كه‌ زانایانی ژینگە دەڵێن کۆرۆنا بۆ 100 ساڵی داهاتوو ژینگەی گۆی زەوی حەساندەوە و لە ماوەی مانگێکدا ژینگەی جیهانی زۆر پاک بوەتەوە، وتیشی: هەرچەندە ئێمە جەخت دەکەینەوە کە پەیوەست بە رێنماییەکانی خۆپارێزی بەرامبەر پەتای کۆرۆنا پێویستە هەمومان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بین، بەڵام ئەوەی کۆرۆنا بۆ پاککردنەوەی ژینگەی هەرێم کردی ئێمە بە 10 ساڵی دیکەش پێماننەدەکرا.

وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان پێشنیازیشی بۆ حکومەتی هەرێم كرد ساڵانە و لە وەرزی هاویندا سێ رۆژ قەدەغەی هاتوچۆبکرێت و خەڵک بە پێ هاتوچۆ بکات، چونکە کاریگەریی زۆری لەسەر پاکبونەوەی ژینگە لەو ساڵەدا هەیە.


PM:10:47:31/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 4428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت