سلێمانی.. مه‌لەوانگه‌ و هۆڵه‌كانی له‌شجوانی بۆ كاتێكی نادیار داده‌خرێن

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
لە شاری سلێمانی كێشانی نێرگەلە لە كافتریاكان و لایڤ موزیك قەدەغە كرا و تاكاتێكی نادیاریش مەلەوانگەكان و هۆڵەكانی لەشجوانی  بە رووی هاوڵاتیاندا دادەخرێت، لە رێستۆرانت و چایخانەو شوێنە گشتیەكانیش رێوشوێنی پێویستی تەندروستی دەگیرێتەبەر هاوكات بۆنە كۆمەڵایەتی و ئاینیەكانیش سنوردار دەكرێن، قایمقامی سلێمانیش رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە بڕیار و رێنماییەكان جێبەجێ دەكرێن.

 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی شوباتی 2020، ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی شارەكەدا كۆبووەوە و دواین بڕیار و رێوشێنەكان تاوتوێكران كە بڕیارە لە سلێمانی بۆ رێگری كردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بگیرێتە بەر.
 
لە كۆنفراوسێكی رۆژنامەوانیشدا ئاوات محەمەد رایگەیاند: خۆشبەختانە تائێستا هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارنەكراوە و ئەوەی دەكرێت ئامادەكاری و گرتنەبەری چەند رێوشوێنێكی پێشوەختە بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە.

وتیشی: "لەمڕۆوە كۆی ئەو بڕیار و رێنماییانەی كە بڕیاریان لە بارە دراوە دەچنە بواری جێبەجێ كردنەوە و هەر شوێنێك پابەند نەبێت رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەكرێنەوە و لیژنەهاوبەشەكان و كۆی لیژنەكانی چاودێریش راسپارێدران لەم رووەوە هەنگاوی پێویست بنێن.
 
قایمقامی سلێمانی داواشی لە هاوڵاتیان كرد بۆ پاراستنی تەندروستیان بە تەواوی پابەندی كۆی ئەو بڕیار و رێنماییانە بن كە لەلایەن دامەزراوەكانی حكومەتەوە بڵاودەكرێنەوە.
 
قایمقامی سلێمانی وتیشی: "ئامانج لە جێبەجێكردنی بڕیار و رێنماییەكان پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و بەدوورگرتنی هەرێمی كوردستانە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا".

ئەو بڕیار و راسپاردانەی كە لە سلێمانی چوونە بواری جێبەجێ كردنەوە ئەمانەن:

1- لەكۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە لەسەر هەموو بڕیارو راسپاردەكانی كۆبوونەوەی رۆژی 25ی شوباتی 2020ی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان و بڕیارو رێنمایی‌ و بەیانەكانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و تەندروستی لە كۆبوونەوەی رۆژی 22ی شوباتی 2020ی وەزارەتی ناوخۆ و راسپاردەكانی كۆبوونەوەی رۆژی 23ی شوباتی 2020ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌ و كۆبوونەوەی رۆژی 24ی شوباتی 2020ی فەرمانگە پەیوەندیدیدارەكانی پارێزگای سلێمانی بە سەرپەرشتیی پارێزگاری سلێمانی.

2- میكانیزمی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بڕیارو بەیان‌ و رێنمایی‌ و راسپاردەكان دیاریكران، هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ ئەو ژمارە و خزمەتگوزاریی‌ و شوێن‌ و چاودێری تەندروستی‌ و پاراستنی ئەو هاوڵاتیانەی لە چین و كۆماری ئیسلامی ئێران و شارەكانی نەجەف و كەركوكەوە گەڕاونەتەوە، كران.

3- رێوشوێنی پێویست بۆ سەرپەرشتیكردن و چاودێریكردنی وردی دەروازە نێودەوڵەتی‌ و مەرزو بازگەكان بۆ بەردەوامبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دیاریكران.

4- جەخت كردنەوە لەسەر داخستن‌ و چاودێریكردنی وردی رێگا نایاساییەكانی گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

5- هەر هاوڵاتیەك لەو شوێنانەوە گەڕابێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان كە لەپێشەوە باسكران لە دوای 20ی شوباتی 2020ەوە، بە هەر رێگاو ئامرازێك، پێویستە خۆیان بە دەزگا تەندروستیەكان بناسێنن، بەپێچەوانەوە رێكاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

6- هاتوچۆی پەناهەندەو ئاوارەكان بۆ شارەكانی تر قەدەغەیە و هەر كەسێك شوێنەكەی خۆی لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەم ماوەیەدا بەجێ‌ بهێڵێت، رێی پێ نادرێت بگەڕێتەوە پارێزگای سلێمانی تا كاتێكی نادیار.

7- دوای بڕیاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌ و وەزارەتی دارایی، خەرجیی پێویست بۆ گشت پێداویستیە لۆجیستیی‌ و خزمەتگوزارییەكانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە رێی پارێزگای سلێمانیەوە تەرخان كران.

8- بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی راسپێردرا بەپێی ئەو بودجەیەی تایبەتە بە كەلوپەلی تەندروستی‌ و هەڵمەتی هۆشیاری‌ و راهێنان لە وەزارەتەكانی تەندروستی و داراییەوە تەرخان كراوە، كاری پێویست بكات بۆ دابینكردنی پێداویستیە تەندروستییەكان.

9- قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی‌ و لیژنەكانی قایمقامیەت راسپێردران، كە بەوردی و لێپرسینەوەی تەواوەوە رێ لە هەر قۆرخكاریی‌ و نرخ بەرزكردنەوە و كەلوپەل شاردنەوەیەك بگرن‌ و هەركەس سەرپێچی بكات بەتوندترین شێوە سزای یاسایی دەدرێت.

10- پرۆسەی پشكنینی زانستی تاقیگەیی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیەوە دەستی پێكراوەو لە رۆژانێكی نزیكدا دەتوانرێت پشكنینی تەواو بۆ هەر گومانلێكراوێك بكرێت.

11- هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە رێی لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانی و یەكە كارگێڕییەكانی ترەوە راسپێردران بۆ رێگریكردن لە هەر كۆبوونەوە و چالاكی‌ و بۆنەو یادێكی گشتی، كە كۆبوونەوە و بەریەككەوتنی كۆمەڵایەتی تیادا رووبدات.

12- سەردانیكردنی نەخۆش‌ و راگیراو و بەندكراوەكان تا كاتێكی نادیار قەدەغەیە.

13- (قەدەغەكردنی نێرگەلەكێشان لە كافتریا و شوێنە گشتیەكاندا، داخستنی مەلەوانگەكان، راگرتنی لایڤ میوزیك)و، هەر شوێنێكی تریش، كە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان‌ و لیژنەكانی قایمقامیەت بەپێویستی بزانن دەگرێتەوە تا كاتێكی نادیار.

14- هاتنی گروپی گەشتیاریی و هاتنی گەشتیار لە كۆماری ئیسلامیی ئێران‌ و شارەكانی نەجەف و كەركوكەوە، تا كاتێكی نادیار قەدەغە دەكرێت، پێویستە هەموو دامەزراوە گەشتیارییەكان پابەندی تەواوی ئەم بڕیارە بن.

15 - پێویستە هەموو كەسێك بەوردی رێنماییە فەرمییەكانی وەزارەتی تەندروستی‌ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی پەیوەست بە خۆیان‌ و ماڵ و شوێنی كاركردن‌ و شوێنە گشتیەكان پەیڕەو بكەن بۆ خۆپارێزی باشتر.

16- تەنها سەرچاوەی راگەیاندنی زانیاری‌ و ئامارەكانی پەیوەست بەم پەتایە، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و هەر زانیاری‌ و واتەواتێكی نافەرمیی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەكرێتەوە.

هــ. ر


PM:02:56:27/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 3492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت