بڕیارەکانی کۆبوونەوەی پارێزگای هەولێر تایبەت بە خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ هەر 10 قایمقامی قەزاکانی سنووری پارێزگای هەولێر و زۆربەی بەڕێوه‌بەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانگە پەیوەندییدارەکان و پۆلیس و ئاسایش سازکرا، لەکۆبوونەوەکەدا ئەم خاڵانەی لای خوارە بڕیاریان لەسەر درا.

1- جەخت کردن و پابەندبوون بەسەرجەم بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 2020.2.25 تایبەت بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا، هەروەها جێبەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی لە کۆبوونەوەی رۆژی 2020/2/22 کە بڕیاریان لەسەر درابوو، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێت.

2- سەرجەم قایمقامیەتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر راسپێردران کە دەبێ بەهەموو توانایانەوە چاودێری بازاڕ و کاڵاکان و کەل و پەلی پزیشکی و سوتەمەنی بکەن، هەرکەسێک بیەوێت بازاڕ ئیستغلال بکات دەبێ رێکاری یاسایی توند بەرامبەری بگیرێتەبەر.

3- تا کاتێکی نادیار سەرجەم ئەو گروپە گەشتیاریانە رادەگیرێت کە بە ئامانجی گەشتیاری لە پارێزگاکانی عیراق دێنە هەرێمی کوردستان.

4- یادکردنەوەی بۆنەکانی ئادار و ئازادی و نەورۆز بەشێوەی مەراسیم و ئاهەنگ و فێستیڤاڵ رادەگیرێت، هەروەها ئەو شوێنانەی ئاهەنگی شەوانە سازدەکەن رادەگیرێت.

5- لە رۆژی 2020.2.28 بەدواوە تا کاتێکی نادیار لەسەرجەم کافتریا و شوێنە بازرگانییەکان نێرگەلە قەدەغە دەکرێت، هەروەها بۆسەلامەتی هاوڵاتیان شوێنەکانی مەساج و سینەماکان نابێ کاربکەن، هەروەها دەبێ سەنتەرەکانی وەرزش و لەش جوانی و گه‌رماو و مەلەوانگەکان پەیڕەوی تەواوی ئەو رێنماییانە بکەن کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر پێیان دەگەن، بە پێچەوانەوە دادەخرێن. هەروەها دەبێ هاوڵاتیان لەم ماوەیە خۆیان بپارێزن لەسەردانیکردنی بازاڕی ئاژەڵ و پەلەوەران.

6- سەبارەت بە مەراسیم و پرسە و بۆنە ئاینیەکان داواده‌كه‌ین له‌ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و یەکێتی زانایانی ئاینی رێکاری گونجاو بگرنەبەر بۆ پارێزگاریکردن لە تەندروستی هاوڵاتیان.

7- سەبارەت بە کەمپەکانی پەنابەران و ئاوارەکان کۆبوونەوە رێوشوێنی پێویستی داناوە و دەبێت دەست بەجێبەجێکردنی بکرێت.

8- سەرجەم فەرمانگەکان رادەسپێرین کە قەڵەباڵغی لەدام و دەزگاکان کەمبکرێتەوە و داواش لە هاووڵاتیانی دەکەین بۆ ئەم مەبەستە هاوکاربن و روونەکەنە شوێنە قەڵەباڵغەکان و تا بکرێت ئەم ماوەیە خۆیان لەسەردان و سەفەر بۆ شارەکان ببپارێزن، هەروەها سەردانی نەخۆش جگە لە یاوەر لەگەڵ نەخۆش بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

9- بۆسەرجەم بازگەکانی سنووری هەولێر لەگەڵ موسڵ و کەرکوک تیمی تەندروستی و پێداویستی پشکنین دابین دەکرێت و دەبێ رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.

10- لەسەر ئاستی پارێزگا و هەروەها لەسەر ئاستی هەر 10 قەزایی سنوری پارێزگای هەولێر ژووری عەمەلیات پێک دەهێنرێت و دەبێ رۆژانە کۆبوونەوە بکرێت و هەموو  رێکارێک بگیرێتەبەر لە پێناو خۆ پارێزی لەم نەخۆشییە و پاراستن و سەلامەتی هاووڵاتیانی شارەکەمان. دەبێ لەم ماوەیەدا بەجدی تر و چڕو پڕتر چاودێری پاک و خاوێنی رێستورانت و چێشتخانە و هوتێل و موتێل و شوێنە گشتییەکان بکرێت.

هاووڵاتیانی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە شەو رۆژ دەخەینە سەر یەکتر بۆ پارێزگاری لە تەندروستی گشتی.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر

2020.2.26


PM:10:03:26/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 1256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو