قوباد تاڵه‌بانی بۆ چالاكتركردنی پرۆژه‌ی خزمه‌ت سه‌رپه‌رشتیی كۆبونه‌وه‌یه‌كی كرد


وێستگه‌ نیوزـ

بە‌سە‌رپە‌رشتی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئامادە‌ بوونی بە‌رپرسی فە‌رمانگە‌ی ھە‌ماھە‌نگی و بە‌دواداچون، تیمی پڕۆژە‌ی (خزمە‌ت)ی حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان، لە‌ھە‌ولێر كۆبوه‌وە‌.

 ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ی كانونی دووه‌می 2020، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر سه‌رپه‌رشیتیی كۆبونه‌وه‌كه‌ی كرد كه‌ مه‌به‌ست لێی گفتوگۆكردن بوو‌ دە‌ربارە‌ی چالاكتر كردنی ھە‌نگاوە‌كان و قۆناغە‌كانی پرۆژه‌ی (خزمە‌ت) كە‌ ئامانج لێی باشتر پێشكە‌ش كردنی خزمە‌تە‌كانی حكومە‌تی ھە‌رێمە‌ بە‌ ھاوڵاتییانە‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ چۆنیە‌تی پێشكە‌شكردنی خزمە‌تە‌كانی حكومە‌تی ھە‌رێم بە‌ ھاوڵاتیان، یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ گرنگه‌كان كه‌ هاوشانی جۆر و چە‌ندییە‌تی خزمە‌ته‌كان بێت لە‌ھە‌رێمی كوردستان، باس له‌وه‌شكرا كه‌ دامودە‌زگاكانی حكومە‌ت زیاتر لە‌ 400 جۆر خزمە‌ت پێشكە‌ش بە‌ھاوڵاتیان دە‌كە‌ن، یە‌كێك لە‌ ئە‌ولە‌ویاتی حكومە‌تیش كە‌ لە ‌چوارچێوە‌ی ھێڵە‌ گشتییە‌كاندایە‌‌ ولە‌كۆبونە‌وە‌ی یە‌كە‌می كابینە‌ی نۆیە‌می حكومە‌تی ھە‌رێم جە‌ختی لە‌سە‌ر كراوه‌ته‌وه‌، پرسی خزمە‌تكردنی ھاوڵاتیانە‌ و باشتر خزمە‌تكردنە‌.

قوباد تاڵه‌بانی ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كە‌ ئە‌ركی حكومە‌تە‌ خزمە‌تی ھاوڵاتیانی بكات بە‌شێوازێكی گونجاو، دواتریش باس لە‌ چالاككردنی پۆرتاڵی https://services.gov.krd كرایە‌وە‌ بۆ ئاشنا بوونی ھاوڵاتیان بە‌ جۆری خزمە‌تە‌كان و زانیاری دە‌ربارە‌ی چۆنیە‌تی وە‌رگرتنی ئە‌و خزمە‌تانە‌ ودواجار كە‌مكردنە‌وە‌ی رۆتین لە‌كاتی مامە‌ڵكردنی ھاوڵاتیان لە‌ دامودە‌زگاكانی حكومە‌تدا.


PM:08:56:21/01/2020






ئه‌م بابه‌ته 1552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو