یه‌كه‌ له‌كاركه‌وتوه‌كانی كاره‌بای به‌نداوی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان چاك ده‌كرێنه‌وه‌

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌ نیوز ـ

وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆمپانیا پسپۆڕه‌كانی تایبه‌ت به‌كاری چاككردنه‌وه‌ی یه‌كه‌كان له‌ وێستگه‌ی كارۆئاوییه‌كان راسپارد بۆ چاككردنه‌وه‌یان.


به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تیایدا هاتووه‌: ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی كانوونی دووه‌می 2020، كەمال محه‌مه‌د ساڵح، وەزیری كارەبا لە نووسینگەی تایبەتی خۆی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی كرد.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: لەو كۆبوونەوەیەدا كە بریكارو راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی كارەبا ئامادەی بوون گفتوگۆ لەسەر ئەو گرفت و كێشانە كرا، كە لەچەند هەفتەی رابردووەوە رووبەرووی سێكتەری بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كارەبا بووەتەوە، بەهۆی هەڵكشانی خێرایی خواستی كارەبا.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌: تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەچارەسەركردنی یەكەكانی هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، لەم رووەوە بڕیاردرا بەمنزیكانە تیمەكانی وەزارەت بەهاوكاری كۆمپانیا پسپۆرەكانی تایبەت بە كاری چاككردنەوەی یەكەكانی وێستگە كارۆئاوییەكان دەست بەكارەكانی چاككردنەوە لەهەردوو وێستگەی بەنداوەكە بكەن.

سەبارەت بەكاری كۆمپانیاكانیش وەزیری كارەبا وتی: "پێویستە سەرجەم كۆمپانیاكانی كارەبا پابەندی مەرج و رێنماییەكانی وەزارەت بن و هەروەك چۆن وەزارەتی كارەبا كار ئاسانی و هاوكاریی هەموو كۆمپانیاكان دەكات هەرواش لێپرسینەوەی توندیان ئاراستە بكات لەكاتی كەمتەرخەمی و بوونی هەر كەمووكورتیەك.

هــ. ر


PM:04:22:19/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 1384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو