بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی ھەولێر دەستبەكاربوو


وێستگە نیوز-
ئەمڕۆ 2020.1.19 لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و جێگری پارێزگار و قایمقامی قەزای ناوەندی و بەرپرسانی ئیداری و ئەفسەرانی پۆلیسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، عەمید دلێر نەجات یاسین نەجاڕ وەکو بەرێوەبەری نوێی پۆلیسی هەولێر دەستبەكاربوو.

فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لە وتارێكدا ئاماژەی بە ڕۆڵی لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هەولێردا و ڕایگەیاند كە "ئەمڕۆ خۆشحاڵ و سەربەرزین لە مەراسیمی ئاڵگۆڕی پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بەشدار دەبین و سوپاس بۆ ئامادەبوونی هەموو لایەکتان، ئاڵوگۆڕ و گۆرانکاری حاڵەتێکی سروشتیە لەپێناو ئەوەی بە گروتینیێک و جۆش و خرۆشێکی تازە کاری دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنوری پارێزگای هەولێر بەڕێوەبچێ، بۆیە لێرەدا دەمانەوێ سوپاس و پێزانین و ستایشی خۆمان بۆ ئەوکارانەی کە لەماوەی ڕابردوودا لیوا عەبدولخالق تەڵعەت وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر پێشکەشی کردووە و ماندونەناسانە کاری کردووە ئاڕاستە بکەین و بەناوی خۆم و بەناوی وەزیری ناوخۆش سوپاسی هەوڵ و ماندووبونی کاک عەبدلخالق و هەموو ئەفسەران و پۆلیسانی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بکەم کە ڕۆڵێکی بەرچاوویان هەبووە لە سەقامگیری و ئەمنیەتی ئەو شارە و نەهێشتنی تاوان، لەهەمانکاتدا دەمەوێت پیرۆزبایی لە کاک عەبدالخالق بکەم بەبۆنەی دەست بەکاربوونی وەکو ئەندامی سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی عێراق و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەم سەرکردایەتیەدا".

پارێزگاری راشیگەیاند كە "دەمەوێت بەناوی پارێزگای هەولێر و بەناوی وەزیری ناوخۆش پیرۆزباییەکی گەرم لە عەمید دلێر بکەم کە وەک بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ دەست بەکار دەبێت، کاک دلێر یەکێکە لەو ئەفسەرە ماندوانەی کە لەماوەی ڕابردوودا ڕۆڵی بەرچاووی هەبووە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر و خاوەنی ئەزمونێکی باشیشە، بۆیە پیرۆزبایی لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین، داواکاریشین لە ئێوە یەکە بە یەکەی ئەفسەران و پۆلیس و دام و دەزگاکانی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شاری هەولێر و ئێمەش هاوکار و پشتیوانی بین بۆ سەرکەوتنی، دڵنیاشین لە توانا و لێهاتووی کاک دلێر، جارێکی دیکە تەئکید دەکەمەوە کە ئێمە وەکو پارێزگای هەولێر بەهەموو توانامانەوە هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ ئەوەی ئئاسایش و سەقامگیری لەهەولیر هەمیشە بەرقەراربێت".

دوای ئاڵوگۆڕی پۆستی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، لەلایەن د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر درعی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە ناوی هەموو پۆلیس و ئەفسەرانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر پێشکەش بە لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هەولێر کرا و کۆتایی بە ڕێو ڕەسمەکە هێنرا.

د.ح
 


PM:12:56:19/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 1936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو