مەحمود سەنگاوی: پارتی و داعش پێشمەرگەكانمان تیرۆر دەكەن


وێستگە نیوز-
مەحمود سەنگاوی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی ئەمڕۆ لە چلەی ماتەمینی شەهیدانی كوڵەجۆ بە دەستی چەكدارانی داعش هێرشی كردە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و ئاسایشی هەولێر.


مەحمود سەنگاوی ئەمڕۆ لە مەراسیمی چلەی شەهیدانی كوڵەجۆ، لە بەشێكی قسەكانیدا لەسەر خنكانی پێشمەرگەیەكیان لە ئاسایشی هەولێر ئەو كارەی بە كردەوەیەكی تیرۆرستی ناوبرد و وتی "ئەوانەی وایان لەو پێشمەرگەی یەكێتی كرد هیچیان كەمتر نییە لەوەی داعش كردوویەتی"، وتیشی: داعش پێشمەرگەكانمان شەهید دەكات و پارتیش پێشمەرگەمان دەخنكێنێت. 

 سەنگاوی وتیشی: رەفتارەكانی پارتی بەرامبەر بە لایەنگرانی یەكێتی هەمان رەفتارەكانی حزبی بەعسە.

لە كۆتایشدا داوای لە حزبەكەی كرد هەڵوێستیان بەرامبەر بەو كردەوەیە هەبێت و وتیشی: پێویستە لەو حكومەتە بكشێنەوە و بێدەنگ نەبن.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ هه‌واڵی گیانله‌ده‌ستدانی مەجید برایم راگه‌یه‌ندرا كە پێشمەرگەیه‌كی تەمەن 38 ساڵی یەكێتی بوو له‌ لیوای 3ی تایبه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌، وه‌ك ده‌وترێت پێشتر ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ لەگوندی سیساوە لەلایەن دژە تیرۆری پارتییەوە رفێندراوه‌.

له‌سه‌ر گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ ئاسایشی هەولێر ڕاگەیه‌ندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ ده‌ستگیركردنی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی یه‌كێتی په‌یوه‌ندیی به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌.

دوای راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر حاجی مەسیفی، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەبەردەم پزیشكی دادوەری ھەولێر بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند، گومانمان لەروداوەكە ھەیە كە ئەو پێشمەرگەیە لەزیندانی ئاسایشی ھەولێر خۆی خۆی خنكاندبێت ئەو راپۆرتە پزیشكیەمان رەتكردۆتەوە و سكاڵای یاسایش تۆمار دەكەین .

د.ح
 


PM:05:29:18/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 38440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت