پاکستان: ئێران نایەوێت خوێنی زیاتر بڕژێت
کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی پاکستان و هاوتا ئەمریکیەکەی
وێستگە نیوز-
وەزیری دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران نایەوێت خوێنی زیاتر لە ناوچەکەدا بڕژێت و کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.
شاه مەحمود قورشی، وەزیری دەرەوەی پاکستان کە پێنج ڕۆژ دوای سەردانەکەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ئێران و بەدیهێنانی ئاشتی لە ئەفغانستانی لەگەڵ پۆمپیۆ تاوتوێ کرد.
وەزیری دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند، لەوە تێگەیشتووە کە ئێرانیەکان نایانەوێت ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر ببەن.
شاه مەحمود قورشی، لە واشنتن-وە بە رۆژنامەنوسانی وت، " ئێرانیەکان جەنگیان ناوێت، نایانەوێت خوێنی زیاتر بڕژێت".
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی پاکستان دوای ئەوە دێت لە سەرەتای ئەم مانگەوە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتە ئاستێکیت باڵا ئەوەش دوای ئەوەی لە ٣ ی ئەم مانگەدا لە هێرشێکی موشەکیدا لەسەر رێگەی فڕۆکەخانەی بەغدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی کردە ئامانج و کوشتی، دواتریش کۆماری ئیسلامی ئێران لە ٨ ی مانگدا هێرشێکی مووشەکی کردە سەر دوو بنکەی سەربازی ئەمریکا لە عیراق بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.
دواتریش بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاند تۆڵەی کوشتنی سولەیمانیان کردووەتەوە و شەڕیان لە ناوچەکەدا ناوێت.
ش . ر
AM:10:47:18/01/2020
ئهم بابهته 2472
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت