ئیسرائیل بۆ سێیەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ماوەی یەک ساڵدا هەنگاو دەنێت



وێستگە نیوز- 
پەرلەمانی ئسرائیل " کنێست" ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاریدا خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی خۆی بکات، ئەمەش هەنگاوێکە بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دیکە کە سێیەم هەڵبژاردنە تەنها لە ماوەی یەک ساڵدا لەو وڵاتە ئەنجامبدرێت. 

بەپێی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەم هەنگاوەی کنێستی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت ئەنجامێکی ئەوتۆیان بەدەست نەهێناوە. 

بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە مانگی 3 بەڕێوەبچێت کە ئەمەش دەبێتە سێیەم هەڵبژاردن لە ماوەی یەک ساڵدا و لە مێژووی ئیسرائیلدا یەکەمجارە رووبدات. 

پەرلەمانی ئیسرائیل پێویستە سێ جار خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی خۆی بکات تا ئەوکاتەی دەگاتە بڕیاری کۆتایی. 

لە مانگەکانی 5 و 9 ی ئەمساڵدا لە ئیسرائیل هەڵبژاردن بەڕێوەچوو بەڵام هیچ کام لە براوەکان نەیانتوانی ئەو ژمارە کورسیە بەدەستبهێنن کە بتوانن حکومەت پێکبهێنن.  

لە پەرلەمانی ئیسرائیلیدا هەر پارتێک بۆ ئەوەی بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت پێویستە لە کۆی 120 کورسی پەرلەمانی، 60 کورسی بەدەستبهێنێت. 

پێشتریش هەریەک لە بنیامین ناتانیاهۆ و بینی گانتس لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی کاربەڕێکەری کاتی سەرکەوتوو نەبوون. 


ش . ر 





PM:05:25:11/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 2776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت