عەبدوڵای کۆمەڵە: بۆ کۆنگرە دەرنەچووم بەڵام چاوی ئەوانەش ماچ دەکەم کە دەنگیان پێنەداوم



وێستگە نیوز- 
عەبدوڵای کۆمەڵە، کاندیدی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی بۆ کۆنگرەی حزبەکەی رایگەیاند، ئەو دەرنەچووە بۆ کۆنگرە و وتی، " من دەرنەچووم بۆ کۆنگرە، بەڵام چاوی ئەوانەش ماچ دەکەم کە دەنگیان پێ نەداوم". 

لە پەیامێکیدا عەبدوڵای کۆمەڵە، کاندیدی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی بۆ کۆنگرە نوسیویەتی، " من وەک کاندیدی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی چوومە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی مەڵبەندەوە، لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردا من دەنگی پێویستم نەهێنا بۆ ئەندامێتی کۆنگرە". 

هەروەها ئەوەشی نوسیوە، " زۆر سوپاسی ئەو هەڤاڵانە دەکەم کە دەنگیان پێداوم، وە چاوی ئەو هەڤاڵانەش ماچ دەکەم کە دەنگیان پێ نەداوم، هەمووتان هاوڕێ و هاوسەنگەرە خۆشەویستەکەی منن". 

هەروەها دەڵێت، " من نە کەس فێڵی لێ کردووم و نە کەسیش درۆی لەگەڵ کردووم، ئەمە هەڵبژاردنە تەنها دوو ئەنجامی هەیە و نابێتە سێ، ئەوەی خۆی بۆ سەرکەوتن ئامادە دەکات دەبێت بۆ دۆڕاندنیش ئامادە بێت، پیرۆزبایی لە سەرکەوتووەکان دەکەم". 

عەبدوڵای کۆمەڵە، پێشمەرگەی کۆن و کادری یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە سنوری مەڵبەندی پێشمەرگەی ئەو حزبە. 

لە کاردانەوەی هەڵوێستەکەی عەبدوڵای کۆمەڵەدا، ستران عەبدوڵا، سەرنوسەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ، نوسیویەتی، " نموونەی گیانی بەرزی دیموکراتیی، ھەڤاڵ عەبدوڵا کۆمەڵە، ئەم رەوشتە بەرزە ھەر لە تێکۆشەری یەکێتی و پێشمەرگەی کوردستان دەوەشێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 9 ی 12 ی 2019 كۆنفرانسی سەرجەم مەڵبەندەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان  كە دوایین هەنگاو و ئامادەكارییە بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، لە سنوری هەر "17 " مەڵبەندەكەی یەكێتی بە بەشداری 4 هەزار و 878 كەس بەڕێوەچوو و لە كۆی هەزار و 700 كاندیدیش، 500 كاندید سەردەكەون و دەبنە ئەندامی كۆنگرە.

كۆنفرانسی مەڵبەندەكان لە دوای بەڕێوەچونی كۆنفرانسی كۆمیتەكان و مەكتەبەكانی یەكێتی دێت كە لە ماوەی رابردوودا بەڕێوەچوو. 

كۆنفرانسی مەڵبەندەكانیش دەبێتە دواین قۆناغی ئامادەكارییەكانی یەكێتی بۆ یەكلایكردنەوەی ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، كە بڕیارە 21ی ئەم مانگە لە سلێمانی بەڕێوەبچێت.


ش . ر 





 


PM:05:45:09/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 37900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو