عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: هێنانی دووگ و كاڵای قاچاغ نوسراوی ناوێت
وێستگه نیوزـ
سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ کە ئاماژەی بەوەدابوو نوسراوێكیان بۆ هێنانی دووگ ساختەکراوە، رایگه‌یاند كه هێنانی دووگ و هه‌ر کاڵایه‌کی قاچاخ نوسراوی ناوێت.
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌داوی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه "سێ مانگه به‌وردی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م خاڵه سنوریه‌کان به‌دواداچونمان کردووه، ئه‌وه‌ی ئێمه به‌به‌ڵگه‌ی ته‌واو دهستمانکهوتوه، دزی و تاڵانی له خاڵه سنوریه‌کان ده‌سه‌لمێنێت، تاڵانیه‌کی بێ وێنه‌یه، دزی و خیانه‌ت له هه‌مومان، له گیرفانی هه‌موان، خه‌ڵکێک ئاماده‌یه بۆ ده‌ستکه‌وتنی پاره هه‌موان توشی خراپترین نه‌خۆشی بکات."
به‌وته‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، "قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له خاڵه سنوریه‌کان نزیکه‌ی 40 ملیۆن دۆلاره‌و ئه‌مه‌م به به‌ڵگه سه‌لماندوه، چ کاڵایه‌کی قه‌ده‌غه‌کراوت ده‌وێ به‌بێ گومرگ و به‌بێ پشکنین به‌زه‌بری هێز بۆت داخڵده‌کرێت."
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئاشكرایكردوه: کۆنتێنه‌رێک دووگ به 30 هه‌زار دۆلار و هێلکه به 10 هه‌زارو 500 دۆلار و سێ‌و و ترێ به 5 هه‌زار 500 دۆلار بۆت داخڵده‌کرێت، داهاتی ئه‌م کاڵایانه به قاچاخ دێت نزیکه‌ی 10 ملیۆن دۆلاری مانگانه‌یه.
وتیشی: "نزیکه‌ی 20 کۆمپانیا له‌سه‌رجه‌م خاڵه سنوریه‌کان پاره له خه‌ڵک وه‌رده‌گرن له 700 دۆلاره‌وه بۆ 5 دۆلاری تێدایه، کۆمپانیا هه‌یه مانگانه 5 ملیۆن دۆلار به چه‌ند کاغه‌زێک ده‌خاته گیرفانی."
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان راشیگه‌یاندوه كه ڕاپۆرته‌که‌ی داوه به سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت و په‌رله‌مان، ئێستاش لیژنه دروستکراوه‌و به‌ڵێنی گرتنه‌به‌ری رێوشوێن دراوه، هیواشی خواستوه رێوشێنهكان ئه‌نجامی هه‌بێت و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌رنا چاوپۆشی لێناکرێت و چاوپۆشی لێی خیانه‌تی گه‌وره‌یه."
له كۆتایی نوسینه‌كه‌شیدا رایگه‌یاندوه كه به‌دواداچونه‌که بۆ هه‌رچوار مه‌رزی ئیبراهیم خه‌لیل و حاجی ئۆمه‌ران و باشماخ و په‌روێزخان و هه‌موو مه‌رزه لاوه‌کیه‌کان كراوه.
PM:10:18:07/12/2019
ئه‌م بابه‌ته 3092
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت