نوێنەری هەرێم بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا کرد


وێستگە نیوز-
دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری هەرێم لە پەرلەمانی ئەوروپا بەشداری کۆبوونەوەی فەرمی پەرلەمانی ئەوروپا کرد وە لەگەڵ سەرۆکی نوێی لیژنەی کاروباری عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆبۆوە.

بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدار و گفتوگۆی گرنگ و بەشداربوون لە کۆبوونەوەی فەرمی لە پەرلەمانی ئەوروپا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا  دلاوەر خالید ئاژگەیی لە گەڵ شاندێکی نوێنەرایەتی سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای کرد و لەگەڵ خاتوو سارا سکیتەداڵ، سەرۆکی نوێی لیژنەی کاروباری عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆبۆوە.

دلاوەر ئاژگەیی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا پیرۆزبایی لە خاتوو سارا سکیتەداڵ کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە تازەکەی و هیوای خواست لیژنەی عێراق لەم خولەی پەرلەمانی ئەوروپا کاراتر بێت و ڕۆڵی کاریگەری هەبێت بۆ پرسە سیاسی و ستراتیژییەکان هەروەها پرسی هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەو نەهێشتنی تیرۆر و شانە چالاکەکانیان لە بەشە جیاجیاکانی عێراق و ناوچەکە.

هەروەها باسی لە رۆلی حکومەت لە دابینکردنی سەقامگیری، ئاسایش، ئارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەکە کردەوە، لە بەرامبەردا خاتوو سارا سکیتەداڵ بەڵێنی هاریکاری و کارکردنی بەردەوام لەسەر ئەم پرسە ستراتیژیانە دووپاتکردەوە و سوپاسی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا کرد بۆ سەردانەکەیان و خستەڕووی دوایین پێشهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها بۆ نیشاندانی خواستی کاری هاوبەش و هەماهەنگیکردن لەسەر پرسە هەستیار و گرنگەکان لە ناوچەکە.

لە تەوەرێکی تردا، دیارترین پرسی هەنووکەییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق باسی لێوەکران، گرنگترینیان خۆپیشاندانەکانی بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق و پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی هەمووارکردنەوەی دەستوور، بۆ ئەم مەبەستەش نوێنەری حکوموتی هەرێم جەختت لە وە کردەوە کەوا لە ئەگەری هەر گۆرانکارییەک پێویستە مافی خەڵکی کوردستان و پێکهاتەکان بپارێزرێت و هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی بەرز و گەرەنتی دیموکراسیەت لە عێراق و ناوچەکە لەڕووی سیاسی، ئاسایش و ئابووری ڕۆڵی کاریگەر بگێرێت.

هاوکات شاندی حکومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا داوایان لە پەرلەمانی ئەوروپا کرد چاودێری ووردی گۆڕانکارییەکان بکات لە عێراق و ڕێگانەدات لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک و تاکەکەسێک ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی خەڵکی عێراق بخرێتە مەترسییەوە.

لە بەشێکی هەرە گرنگی تردا، د. دلاوەر ئاژگەیی باسی لە زنجیرەیەك كردەوەی تیرۆریستیی یەك لە دوایەكی ئەم ماوەی ڕابردووی داعش کرد لە ناوچەکە، و جارێكی دیكەش جه‌ختی لەوە کردەوە كە داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان. بۆیە پێویستە یەکێتی ئەوروپا هاوکار و پاڵپشتێکی بەهێز بێت لە هاوپەیمانێتی دژی داعش و هەر گرووپێکی تری تیرۆرستی لە ناوچەکە کە لە ئێستادا خەریکی قۆستنەوەی هەلێکن تاکو دووبارە دەربکەونەوە.

لە درێژەی کارو چالاکیەکانی نوێنەرایەتی حکومەت لە یەکێتی ئەوروپا، وە لە هەمان ڕۆژدا، د. دلاوەر ئاژگەیی و شاندی یاوەری بەشداریانکرد لە کۆبوونەوەی دەوری لیژنەی کاروباری عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتاری ئەوروپی و نوێنەری ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و سدیق، ئەلرقابی، باڵوێزی عێراق تایبەت بە ڕەوشی ئێستای عێراق و ناوچەکە.

پەرلەمانتاران چەندین پرسیاریان ئاڕاستەی باڵوێزی عێراق کرد و ئاماژەیان بە ژمارەیەکی زۆری کوشتار و برینداربووان کرد لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا. هاوکات ستایشی ڕۆڵی هەریمی کوردستانیان کرد لە بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەو لێقەوماوانی سووری و گرتنەخۆی ملیۆنەها ئاوارەو پەنابەری لە پێکهاتە و ناوچە جیاجیاکان.

د.ح
 


AM:08:54:07/12/2019










ئه‌م بابه‌ته 1388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو