كەجەرە داوای راپەڕین لەبەرامبەر "زۆڵم و زۆری رژێمی داگیرکەری ئێران" دەكات


وێستگە نیوز-
لە ڕاگەیەندراوێكدا كەجەرە لەسەر خۆپیشاندانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێت "سەرهەڵدانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپێناو گەیشتن بە ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیک سەرهەڵدەداتەوە، خڕۆشانی شەقام و کۆڵانەکان، بە ئیرادە و بڕیارداری گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێمای ژیانی ئازادە و راپەڕین لەبەرامبەر زۆڵم و زۆری رژێمی داگیرکەری ئێرانە".


لە راگەیەندراوەكەی کۆمەڵگای جوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەجەرە هاتووە "ماوەی ٤٠ ساڵە ئەو ڕژێمە بە پەتی سێدارە، گرتن، کوشتن، بێکاریی، گرانیی و هەژاریی، وەڵامی داخوازییە ڕەواکانی گەلانی ئازادیخوازی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی داوەتەوە، ئێستاش کە گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی جەنایەت و گەندەڵی و داگیرکەریەکانی رژێم ڕژاونەتە شەقامەکان، کاربەدەستانی رژێمی داگیرکەری ئێرانیان هەراسان کردووە، بۆیە ڕژێم بە هەموو هێزییەوە پەلاماری گەل دەدات".

كەجەرە بڕوای وایەى كە خۆپیشاندانەکانی دوایی بە پێشەنگایەتی جەوانان و ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە و ئەوەش بە واتای راپەڕینی سەردەمیانەی گەنجان و ژنان لەدژی زوڵم و زۆرداریی، گەندەڵی، بێکاریی، گرانیی و داگیرکارییە. جێگەگرتن و بەشداری هەر تاکێکی ئازادیخواز لەناو ریزەکانی بەرخۆدان و سەرهەڵدانی دێموکراتیکی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقییە، گەنجان بە خۆرێکخستن کردن و باوەڕی بە هێزی گەوهەری خۆیان دەتوانن ئاگری سەرهەڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی، گەشاوەتر بکەن".

لە كۆتایشدا دەڵێت "لەدژی سیاسەتی سەرکوت و چەوساندنەوەی ڕژێم پەرە بە ڕێکخستن کردنی خۆیان بدەن و پێشەنگایەتی سەرهەڵدانی دێموکراتیکی گەلان بە ئەستۆ بگرن و خاوەندارێتی لەدەستکەوتی دیمۆکراتیکی گەلان و بەتایبەت گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بکەن".

د.ح
 


PM:12:07:20/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 1980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت