خوێندنی باڵا کردنەوەى دوو لقى زانکۆى تارانى پزیشکى لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکات


وێستگە نیوز-
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران و نوێنەرى زانکۆى تارانى پزیشکى، بەهێزکردنى پەیوەندییەکان و کردنەوەى دوو لقى زانکۆى تارانى پزیشکى  لەهەرێمى کوردستان تاوتوێدەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (١٩/١١/٢٠١٩) ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەولێر لەگەڵ نصراللە رەشنودى سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێرو وەفدێکى زانکۆى تارانى پزیشکى كۆبوویەوە، لە دیدارەکەدا ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون.

سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەولێر ڕایگەیاند: وەک کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەى سەرجەم هاوکارى و پشتیوانیەکین بۆ بەهێزکردنى زیاترى پەیوەندییە زانستییەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێم و وڵاتى ئێران، وتیشى: لەڕابردو زۆرترین هاوکارى و بەرەو پێشچونمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا هەبوە، مەبەستمانە ئەم بەرەو پێشچون و هاوکاریانەمان بۆ ئاستێکى فراوانتر و بەرەو ئاڵوگۆرى زیاترى مامۆستاو خوێندکار و راهێنانى کادیران و پێگەیاندنیان ببەین.

سەرکونسوڵى  ئاشكرایكرد كە لەم سەردانەماندا مەبەستمانە لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوو لقى زانکۆى تارانى پزیشکى لە هەرێمى کوردستان بکەینەوە کە بەشەکانى پزیشکى گشتى و دەرمانسازى و تەندروستى و کۆمەڵ و پەرستارى و مامانى لە خۆدەگرێت.

لەلایەن خۆشیەوە نوێنەرى زانکۆى تارانى پزیشکى وتى: ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەى لقى زانکۆ دەبێت و هەمان سیستمى بەڕێوەبردن و کوالێتى و ستانداردى زانکۆى دایک تیادا پیادە دەکرێت.

لەبەرامبەردا ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: خوێندنى پزیشکى لە زانکۆى تاران لە ئاستێکى بەرزدایەو پێگەى خۆى لە بوارى پزیشکى هەیە، کردنەوەى دوو لقى زانکۆکە لە هەرێمى کوردستان جێگەى خۆشحاڵیمانەو پشتیوانى دەکەین، ئەویش لە چوارچێوەى جێبەجێ کردنى مەرج و ڕێنماییەکانى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین لە وەزارەتەکەمان مامەڵەى لەگەڵدا دەکەین.

 وتیشى: لەگەڵ ستافى وەزارەت هاوکارو هەماهەنگتان دەبین بۆ سەرخستنى پرۆژەکەتان.

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانمان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى ئێران لە ئاستێکى باشدایەو دەمانەوێت هاوکارى و هەماهەنگیمان لەبوارى خوێندنى باڵا و ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى زیاتر پەرەپێبدەین.

د.ح
 


PM:03:56:19/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 1644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت