منداڵی موعجیزە جیهانی سەرسام کردووە

‌لۆران سیمۆنز، ئەو منداڵەی بە "موعجیزە" ناوی دەهێنرێت

وێستگە نیوز-
منداڵێکی بەلژیکی خەڵکی وڵاتەکەی و جیهانیشی تووشی سەرسوڕمان کرد دوای ئەوەی توانیویەتی لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەرەو تەواوکردنی زانکۆ هەنگاو بنێت.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئەودیتی سێنتڕاڵ، لۆران سیمۆنز، کە هەندێک ناویان لێ ناوە "منداڵی موعجیزە" زیرەکیەکی سەرسوڕهێنەری هەیە لەگەڵ ئەوەی وەک هەر منداڵێکی ئاسایی ژیان بەسەردەبات، ئارەزووی یارییە ڤیدیۆیەکانە، هەندێک کاتیش لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەسەردەبات و هاوکات خولیای گەشت و سەفەریشی هەیە.

بەڵام کاتێک دێیتە سەر باسی خوێندن سیمۆنز تەواو جیاوازە لە منداڵانی دیکە بەشێوەیەک ئەو هاوڕێیانەشی ئیحراج کردووە کە چەند ساڵێک لەو تەمەنیان گەورەترە، پێشبینی دەکرێت سیمۆنز بەم زووانە زانکۆ تەواو بکات هەرچەندە تەمەنی تەنها نۆ ساڵە.

ئەگەر هەموو رێکارەکان بەشێوەیەکی باش بڕۆن و سیمۆنز پڕۆژەی دەرچوونەکەی لە زانکۆی تەکنەلۆژی ئایندهۆڤن تەواو بکات ئەوا  بە بڕوانامەی ئەندازیاری کارەباوە مانگی 12 ی ئەمساڵ زانکۆ تەواو دەکات.

بەشێوەیەکی گشتی لەو پرۆگرامە خوێندنەی سیمۆنز دەیخوێنێت بۆ تەواوکردنی سێ ساڵ پێویستە بەڵام سیمۆنز تەنها 10 مانگە دەستیپێکردوەو پرۆژەکەی لە تەواوبووندایە.

سیمۆنز زیرەکیەکی سەرسوڕهێنەری هەیە و دەتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا زۆرترین زانیاری وەربگرێت، ئەم تایبەتمەندیانەی سەرنجی مامۆستاکانی راکێشاوە.

لە سەرەتادا سیمۆنز لەلایەن باپیر و داپیریەوە هەست بە زیرەکیەکەی کراوە و دایک و باوکی بایەخیان بە تواناکانی نەداوە، تا ئەوکاتەی چووتە خوێندنگەی سەرەتایی و دواتر زیرەکیە سەرسوڕهێنەرەکەی دەرکەوتووە.

سیمۆنز لە تەمەنی 4 ساڵیدا چووەتە پۆلی یەکی سەرەتایی و لە 6 ساڵیدا چووەتە قۆناغی ناوەندی ، ئێستاش کە تەمەنی 9 ساڵە دوا قۆناغی زانکۆ دەخوێنێت.

لۆران سیمۆنز، بە میدیاکانی وتووە، " دەمەوێت دوای ئەم زانکۆیە کۆلێژی پزیشکی بخوێنم، خولیام ئەوەیە توێژیەنەوە لەسەر دروستکردنی ئەندامی دەستکرد بۆ لەشی مرۆڤ بکەم ".


 
ش . ر


PM:03:30:19/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 11312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت