كۆمپانیای بەڕێز وەڵامی راپۆرتی دوو پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دەداتەوە


وێستگە نیوز-
كۆمپانیای بەڕێز وەڵامی هەردوو پەرلەمانتاری گۆڕان عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد دەداتەوە، دواى ئەوەی لە یاداشتێكی 14 خاڵیدا  ئەو كۆمپانیایەیان بە گەندەڵی تۆمەتبار كردبوو.

كۆمپانیای بەڕێز لە راگەیەندراوێكدا كە كۆپیەكی ئاراستەی وێستگە نیوز كراوە دەڵێت: پێشترچەندین لیژنە لە سەر كۆمپانیاكەمان دروستكراوە لە سەر ئاستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، پارێزگاكان، بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان، دواین لیژنە لە كابینەی 8 لە سەر فەرمانی سەرۆكی حكومەت لیژنەیەكی باڵا پێكهێنرا، كە ئەنجامی ڕاپۆرتەكە لە دوای هەشت مانگ بەدواداچوون ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە و هەموو ئەو ڕاستیانەی كە ئەم ڕاپۆرتە 14 خاڵیە بەدرۆ دەخاتەوە، لەو ڕاپۆرتەدا تۆماركراوە.

عەلی حەمەساڵح ‌و دابان محەمەد لە یاداشتێکی (14) خاڵیدا رونیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ کۆمپانیای بەڕێز کە مەلا یاسین خاوەنداری دەکات چەندین "گەندەڵی" لە پڕۆژەکانیدا ئەنجامداوە . "وه‌ك تەواو نەکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبون و گۆڕانکاریکردن لە نەخشەی خانوەکان و گۆڕینی روبەری سەوزایی و خزمەتگوزاری پڕۆژەکان  و فرۆشتنەوە پڕۆژەی مۆڵەت پێدراو بە وەبەرهێنەری دیکە بە بەهای چەندین ملیۆن دۆلار".


دەقی راگەیەندراوەكەی كۆمپانیای بەڕێز لەسەر یاداشتەكەی عەلی حەمەساڵح ‌و دابان محەمەد:

بۆ عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد:ڕاپۆرتە 14 خاڵییەكەتان، خاڵییە لە ڕاستی.

لەم ڕوونكردنەوەیەدا بە پێویستی دەزانین خاڵ بە خاڵ وەڵامی هەردوو پەڕلەمانتارەكەی گۆڕان و ئەوانەش بدەینەوە كە چاویان بە كارو پرۆژەكانی كۆمپانیاكەمان هەڵنایەت.

وەڵامی یەكەم/
سەرەتا بە پێویستی دەزانین، ئەو ڕاستییە ڕابگەیەنین لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین لیژنە لە سەر كۆمپانیاكەمان دروستكراوە لە سەر ئاستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، پارێزگاكان، بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان، دواین لیژنە لە كابینەی 8 لە سەر فەرمانی سەرۆكی حكومەت لیژنەیەكی باڵا پێكهێنرا بەمەبەستی دیراسە و وردبینی و هەڵسەنگاندنی پرۆژەكانی ئاسوودە بە پێی فەرمانی 5158 كە لە 8-11-2017 داواكراوە لە لیژنەكە ڕاپۆرتی تایبەت لە ماوەیەكی دیاریكراو بۆ سەرجەم پرۆژەكان بەرز بكەنەوە كە جگە لە نوێنەری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆكی ئەندازیارانی پێشكەوتوو لە ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەری پارێزگای سلێمانی و شارەوانی و بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان و نەخشەدانانی ئاوەدانی ئەندام بوون تیایدا، كە ئەنجامی ڕاپۆرتەكە لە دوای 8 مانگ بەدواداچوون ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە و هەموو ئەو ڕاستیانەی كە ئەم ڕاپۆرتە 14 خاڵیە بەدرۆ دەخاتەوە لەو ڕاپۆرتەدا تۆماركراوە، كە ئەمەش پێشتر لە سەر داوای چەند پەڕلەمانتار و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای گۆڕان هاتە ئارا.
 
لە ساڵی 2006 دوای دەرچوونی یاسای ژمارە 4ی تایبەت بە وەبەرهێنان ئەو بیرۆكە گەرورەیەی هەمیشە شانازی پێوە ئەكەین "دروستكردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون لە قەزاو ناحییەكان” كەپێشتر لە لایەن سەرۆكایەتی حكومەتی ئیدارەی ئەو كاتی سلێمانی هەوڵی زۆری بۆدرا بوو، دواجار بووین بە خاوەنی یەكەم مۆڵەتی وەبەرهێنان لە سێكتەری نیشتەجێبوون، كە خۆی لە چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر بینییەوە لە شارو شارۆچكەكاندا.

مۆڵەتی ژمارە 1ی وەبەرهێنان، بۆ ژمارەیەك (پرۆژە) بوو لە ناوەوە و دەرەوەی پارێزگای سلێمانیدا كە بریتی بوو لە 25 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بە تێچووی پتر لە (1) ملیار دۆلار، كە بڕیار بوو چەند وەبەرهێنەرێكی ناوخۆیی و بیانی ئەم پرۆژەیە ئەنجام بدەن و زەوی پێویستی بۆ تەرخان بكرێت، بەر لەهەموو كەس و تاكە وەبەرهێنەر بووین كە زاتی ئەوە بكەین لە قەزاو ناحییەكان و لەپارێزگای هەڵەبجەوە دەست پێبكەین.

لێرەشەوە بەڵگەنامەی تەواو بوونی پرۆژەكانمان و تەسلیمكردنی بە هاوڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدار دەخەینە ڕوو، كە لە یەك پرۆژەدا تا ئێستا ماوەی یاساییمان تەواو نەبووە و هەموو پرۆژەكانی ناوەندی سلێمانی زیاتر لە 5 ساڵە تەسلیم بە لایەنی حكومەت و هاوڵاتیان كراون و لە پرۆژەكانی ( هەڵەجە، كۆیە، دوكان، ڕانیە، چەمچەماڵ، كەلار) كاركردن بەردەوامە و پەیوەستین بە ماوەی دیاریكراوی پرۆژەكان.

وەڵامی دووەم/

تەواوی ئەو یەكە نیشتەجێبوونانەی ڕادەستی بەشداربووان كراوە، بە بێ‌ كەموكورتی و نەخشەی پەسەند كراو، لە لایەن لیژنەی هاوبەشی دامودەزگانی حكومەتەوە بە كۆنووس تەسلیم كراوە كە وێنەی كۆنووسەكان هاوپێچی ئەم وەڵامەیە

وەڵامی سێ‌ یەم/

1- داخڵكردن و هاوبەشی پێكردنی وەبەرهێنەر مافێكی سەرەتایی و یاساییە، كە لە یاسای وەبەرهێنان و بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان رێگە دراوە بە وەبەرهێنەر تەنەزول بكات لە بەشێكی پرۆژەكەی یان تەواوی پرۆژەكەی بۆ وەبەرهێنەرێكی تر.
2- سەبارەت بە پرۆژەی دانیا سیتی، بە پێی یاساو بریاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بە ژمارە 422، لە رێكەوتی 26-6-2018 خاوەندارێتی مۆڵەتەكەی لە سەدا 80ی گواستراوەتەوە بۆ وەبەرهێنەرێكی تر پاڵپشت بە بڕگەی 3 لە ماددەی 14ی یاسای وەبەرهێنان، و بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بە ژمارە 357 . 

وەڵامی چوارەم/

بە پێی ئەم بەڵگانەی دەیخەینە ڕوو تا ئێستا حكومەت بڕیار نادات تەنانەت كۆمپانیاكەشمان بە قەرزی درێژخایەن ئەو خزمەتگوزاریانە تەواو بكات، سەرڕای ئەوەش ئەو بەشداربووانەی نیشتەجێی پرۆژەكەن لەسەر ئەركی كۆمپانیاكەمان، جگە لە گەیاندنی تەزوی كارەبا چەندین ئاسانكاریمان كردووە بۆیان تا بتوانن تیایی نیشتەجێبن، هەر بەو هۆكارە زیاتر لە 5 ساڵە كۆمپانیای بەرێز وەرگرتنەوەی هەموو قیستەكانی لە بەشداربووانی هاموون سیتی ڕاگرتووە.

وەڵامی پێنجەم/
هەرچەندە عەلی حەمە ساڵح، بەس باوەڕی بە درۆ هەڵبەستراوەكانی خۆی هەیە و باوەڕی بە ئەنجامی لیژنەكان نییە، ئەم زاتە پێش ماوەیەك هەمان داوای لە دەستەی وەبەرهێنان كرد، لیژنە پێك بهێنرێت سەبارەت بە فرۆشتنی زەوی لەیەكێك لە پرۆژەكانی بەرێزدا، ئەنجامی لیژنە و ناردنی كۆنووس بۆ دەستەی وەبەرهێنان لە بەرژەوەندی ئەم زاتە نەبوو، ئەمجارەش كای كۆن بە با دەكات.

وەڵامی شەشەم/
كۆمپانیای بەرێز پەیوەستە بە ماستەر پلانی پەسەندكراو و مۆڵەتی پرۆژەكانی، وە لەهیچ پرۆژەیەكدا بچووكترین زیادەڕەویمان ئەنجام نەداوە و دڵنیاش بن هەرگیز ئەنجامی نادەین، وە هیچ زەوییەكی بازرگانیمان بەرامبەر بە فاملی مۆڵ نییە و دیارە ناتانەوێ‌ ناوی ئەو كەسە بهێنن كە خاوەنی ئەو زەوییە بازرگانیانەیە.

وەڵامی حەوتەم/
ئەم بەرێزە كە دوو خولە پەڕلەمانتارە و هەمیشە خۆی دەهاوێژێتە ناو ئەو لیژنانەی پەیوەندی بە وەبەرهێنان و لایەنی ئابووری هەیە، تا ئێستاش بەداخەوە نەك شارەزا نییە لەیاسای وەبەرهێنان و بڕیارەكانی كە تایبەت بەو یاسایە دەرچووە لە ئەنجومەنی باڵا، بەڵكو چەواشەكاری لای كاك عەلی بووە بە سوونەتی موئەكەدە” هیچ كام لەو پرۆژە خزمەتگوزاریانەی باسی دەكەیت لە خاڵی 7ی ڕاپۆرتە بێبنەماكەتاندا” بەرپرسیارێتی وەبەرهێنەر نییە، ئەركی دامودەزگاكانی حكومەتە دڵنیاشین كە ناتانەوێت بە دواداچوون بۆ هیچ كام لەو پرۆژانە بكەن كە حكومەت جێ بەجێی دەكات چونكە لە بەرژەوەندیتان نییە.

وەڵامی هەشتەم/
ئەم دوو بەڕێزە لەبەر ئەوەی حەسانەیان هەیە و سڵ لە یاسا ناكەنەوە، وا دەزانن شار بێ‌ میر و حاكمە تا وەبەرهێنەر ناوچەی دیاریكراو بۆ ڕووبەری سەوزایی بفرۆشێتەوە، تەحەدا دەكەین، لە یەك پرۆژەی نیشتەجێبووندا كۆمپانیاكەمان زیادەڕەوی كردبێتە سەر ڕووبەری سەوزای و قوربان ئەمجارەش بۆتان ڕاست دەكەینەوە كە باخچەو سەوزایی لە سەر ئەركی وەبەرهێنەر نییە و هیوادارین دەستەی وەبەرهێنان بێ دەنگ نەبێت لە سەر ئەم چەواشەكاریانەی بەرێزتان.

وەڵامی نۆیەم/
كۆمپانیای بەڕێز پەیوەست بووە بەو سایت پلان و نەخشە بنەڕەتیانەی بۆی دیاریكراوە و لە هیچ كام لە پرۆژەكانیدا گۆڕانكاری ئەنجام نەداوە و بۆ بەدرۆ خستنەوەی ئەم خاڵەشتان زۆربەی پرۆژەكانمان چەندین ساڵە تەواو بوون و بڕوانامەی كۆتاییشیان بۆ كراوە.

وەڵامی دەیەم/
دیسانەوە هەردوو پەڕلەمانتارەكە، ئەم وەڵامەشتان دوورە لە ڕاستی، پرۆژەكانمان بە پێی سایت پلانی پەسەند كراو جێبەجێكراوەو زۆربەیان ئیفراز كراون و هەموو یەكەكان ڕووبەرەكانیان لە ناو وێنەی تۆماری تاپۆدا دیاریكراوە.

وەڵامی یانزەیەم/
ماوەیەكی زۆرە، دابانی پەڕلەمانتار، هەڕەشەی بڵاوكرنەوەی ئەم خاڵە دەكات، بەڵگەكان بڵاو دەكەینەوە كە بۆچی بڕێك چیمەنتۆ بۆ پرۆژەكانی كۆمپانیای بەڕێز بە نرخی فرۆشتن بە هاوڵاتی دابینكرا، دیارە ئەم پەڕلەمانتارە نازانێت كە بەڕەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران هاوكاری بەشێك لە بەشداربووانی پرۆژەكانی كۆمپانیای بەرێزی پێكراوە لەبەر ئەوەی زۆربەی خانووەكانمان لە قەزاكان "بە بێ‌ پێشەكی و بەپێشەكییەكی كەم ” دراوە بە بەشداربووان، شەرەف مەندیشین كە لە پرۆژەكانماندا خانوو بۆ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دروست كراون.

وەڵامی دوانزەیەم/
دیسانەوە خەڕەكە، نازانین مەبەستان كام سەرۆكی حكومەت و كام بەرپرسە؟ خۆزگە ناوتان بهێنایە، وەدڵنیاشین بۆچی ناتانەوێت ناوی بهێنن، خزمەتگوزاری ناو ئەم پرۆژانە لە سەدا سەد لە سەر حكومەت بوو، لە سەدا پەنجای خرایە سەر كۆمپانیاكەمان بە پێی فەرمانی كارگێڕی ژمارە 24188 لە 3-9-2012.

ئێمە بۆ بەرژەوەندی بەشداربووەكانمان گرێبەستی نوێی پرۆژەی ئاسوودەمان قبوڵ كرد، وە مافی خۆمانە هەر وەبەهێنانێك لە ناو پرۆژەكانماندا بكەین بە پێی مۆڵەت و سایت پلانی پەسەندكراو خۆزگە ئەم دوو زاتە یەك پرۆژەیان لە كوردستان بدۆزیایەوە كە بینای بازرگانی و چالاكی وەبەرهێنانی تیا ئەنجام نەدراوە.

وەڵامی سیانزەیەم/
هیچ پرۆژەیەكمان بەناوی تۆێژێكی دیاریكراو وەرنەگرتووە و ئەم ژمارەیەشتان هەڵە لێداوە ئەگەر ژمارە ڕاستەكەتان ویست دەتوانین بتاندەینێ‌ بەڵام دڵنیابن ناتوان ناوی ئەو بهێنن.
 
وەڵامی چواردەیەم/
گواستنەوەی بەشێك لە پرۆژەی نۆژین سیتی دەربەندیخان بۆ كەلار بەپێی ئەم بەڵگانە بووە كە هاوپێچی ئەم ڕاپۆرتەی دەكەین، كە لە بەرامبەریدا پرۆژەی خزمەتگوزاریمان ئەنجامداوە و با مژدەشتان بدەینێ‌ هەموو خانووەكان فرۆشراون و لە ئێستاشدا یەكێكە لە پرۆژە هەرە باشەكانی ناحییەی ڕزگاری، ئەو وەبەهێنەرەش كە لەوێ‌ كار دەكات هاوبەشمانە لەم پرۆژەیەدا و هەژماری بانكی و ئەو گرێبەستانەش كە ئەنجامانداوە هەمووی بە ناوی كۆمپانیای بەرێزەوەیە و دڵنیاش بن لەم ماوەیەشدا پرۆژەیەكی نوێی دیكە لە كەلار دەست پێدەكەین.
لە كۆتایدا…

داوا دەكەین لە دەستەی وەبەرهێنان، ڕووی ڕاستی ئەم خاڵانە بە پێی گرێبەست و مۆڵەت و بەراییەكانی پرۆژەكانمان بخەنەڕوو وەسەر لەنوێ‌ لێكۆڵینەوە بكەن لەسەر ئەو هەموو تۆمەت و تەشهیرەی بە ناڕەوا ئاڕاستەمان دەكرێت.

داواكارین ئەنجامی لیژنەكانی پێشووش ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان بكرێت، ئەوەی كە ئێمەی نیگەران كردووە ڕاپۆرتی هەڵبەستراوی ئەم زاتانە نییە بەڵكو، ئەنجامی سكاڵاكانمانە لە دادگا كە ڕێگا نادەن كۆمپانیاكان داوای یاسایی تۆمار بكەن بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانە ماددی و مەعنەویانەی لێمان دەكەوێت، چونكە بە پێی دواین بڕیاری دادگا لە تەمیزیش پەسەند كراوە و هاوپێچی ئەم ڕاپۆرتەیە دەڵێن كۆمپانیا سیفەتی مەعنەوی نییە و ناتوانێ‌ داوای قەرەبوو بكات.
 


PM:05:57:17/11/2019
















































ئه‌م بابه‌ته 4932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو