تەلەفزیۆنی ئێران: لە چەند شارێکی ئێران لە ریزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان بریندار هەیە


وێستگە نیوز-
تەلەفزیۆنی ئێران  بڵاویکردووەتەوە، لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان لە چەن شارێکی ئێران بریندار هەیە.

ماوەی دوو رۆژە خۆپیشاندەرانی ئێران رژاونەتە سەر شەقامەکان و ناڕەزایی لەبەرامبەر بڕیارێکی حکومەت بۆ زیادکردنی نرخی بەنزین دەردەبڕن.

تەلەفزیۆنی ئێران راشیگەیاندووە هێزە ئەمنیەکان گازی فرمێسک رێژ بۆ بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنن.

لای خۆشیەوە حکومەتی ئێران سەرەڕای بوونی خۆپیشاندانەکان سوربوونی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە بڕیارەکە لە چوارچێوەی یاسادایە، وتیشی، " خۆپیشاندانەکان پەیوەندیدارە بە لایەنی درەکیەوە".

بە پێی هەواڵی میدیاکان و  تۆمارە ڤیدیۆییەكان كە لە ڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بۆتەوە لە شارەكانی  تاران و مەشهەد و شیراز و بهبهان و بیرجەند و چەند شارێكی دیكە دەنگی ناڕەزایەتی خەڵك لە دژی حكومەتی حەسەن روحانی بەرز بۆتەوە و داوای دەست لە كاركێشانەوەی دەكەن، هەروەها خۆپیشاندەران داوا لە شارەكانی دیكە دەكەن بچنە سەر هێڵ و فشار لەسەر حكومەت دروست بكەن.

ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران لەوکاتەوە دەستیپێکرد کە نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵی حکومی بۆ هەزار و 500 تمەنی ئێرانی بەرزبووەوە، هاوکات نرخی بەنزینی نۆرماڵی ناحکومی بەرزبووەوە بۆ سێ هەزار تمەنی ئێرانی، لەلایەکی دیکەشەوە نرخی بەنزینی سۆپەر بۆ زیاتر لە سێ هەزار تمەن بەرزبووەوە.


ش . ر


PM:05:37:16/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 2508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت