رۆیتەرز: ئەمڕۆ لە بەغدا چوار خۆپیشاندەر کوژراون و 52 کەسیش برینداربوون



وێستگە نیوز-
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی پۆلیس و فریاگوزاری عیراقەوە بڵاویکردووەتەوە، هێزە ئەمنیەکانی عیراق ئەمڕۆ لە شاری بەغدا چوار خۆپیشاندەریان کوشتووەو 52 کەسیش برینداربوون.

بەپێی هەواڵەکەی رۆیتەرز پێکهەڵپژانی نێوان هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەرانی عیراق کاتێک روویداوە کە هێزە ئەمنیەکان هەوڵیانداوە خۆپیشاندەران بۆ شوێنی سەرەکی خۆپیشاندان لە ناوەندی بەغدا بگەڕێننەوە.

سەرچاوەیەکی پۆلیسی عیراق بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، سێ خۆپیشاندەر بەهۆی بەرکەوتنی بۆمبی گازی فرمێسک رێژەوە گیانیان لەدەستداوەو چوارەم خۆپیشاندەریش لە نەخۆشخانە بە کاریگەری بۆمبی دەنگی گیانی لەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەشەوە سەرچاوەیەکی فریاگوزاری بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، نیوەی بریندارەکان بە گولەی راستەوخۆ بەرکەوتوون و بەشێکی دیکەشیان تووشی هەناسە توندی بوون بە هۆی گازی فرمێسک رێژ و بەشێکیشیان بە چەکی لاستیکی بەرکەوتوون.

لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا کە زیاتر لە مانگێکە بەردەوامی هەیە مەیدانی تەحریری بەغدا بە سەرەکیترین ناوەندی خۆپیشاندان دادەنرێت.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عیراق تا ئێستا زیاتر لە 300 کەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان کوژراون و هەزاران کەسیش بە چەکی جۆراوجۆر برینداربوون.

ش . ر


PM:08:00:14/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 2136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت