"گەر بڕیاری هێرش بدەین تەواوی ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ دەکەینەوە کە پێشتر لێی کشاوینەوە"

‌شەڕڤانانی هەسەدە لە بەرگری کردن لە رۆژئاوای کوردستان

وێستگە نیوز - هەستیار

نوێنەری رۆژئاوای کوردستان لە هەرێم ئاماژە بەو بەرانە دەکات کە هێزەکانی هەسەدەو سوپای سوریا پێکەوە دژی هێرشی تورکیاو میلیشیا هاوپەیمانەکانی دەجەنگن تیایدا، راشیدەگەیەنێت، هاتن و نەهاتنی سوپای سوریا بۆ رۆژئاوای کوردستان وەک یەک بووە، دەشڵێت: "ئەگەر بڕیاری هێرش کردن دەربکەن تەواوی ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ دەکەنەوە کە پێشتر پاشەکشەیان لێکردووە".


مەسعود حەسۆ، نوێنەری رۆژئاوای کوردستان لە هەرێم بە وێستگە نیوزی راگەیاند: پێش چه‌ند رۆژێك هێرشێكی تووند له‌ لایه‌ن سوپای توركیاو میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی كرایه‌ سه‌ر چه‌ند گوندێكی سنووری سه‌رێكانی، هێزه‌كانی سوپای سوریا پاشه‌كشه‌یان له‌ چه‌ند گوندێك كرد و هه‌سه‌ده‌ چووه‌ جێگه‌یان، به‌وه‌ش توانی به‌ر به‌ هێرشه‌كه‌ بگرێت تا ئه‌وكاته‌ی سوپای سوریا گه‌ڕایه‌وه‌ ناوچه‌كه‌.

حه‌سۆ وتیشی: "له‌ سێ گۆشه‌ی سه‌رێكانی و زه‌رگاو ته‌ل ته‌مه‌ر هێزه‌كانی سوپای سوریاو هه‌سه‌ده‌ پێكه‌وه‌ دژی هێزی داگیرکەری تورکیا دەجەنگن، لە کۆبانێ و چەند ناوچەیەکی تر هەن، بەڵام هاتن و نەهاتنی سوپای سوریا هیچی لە دۆخەکە نەگۆڕیوە، هیچ هاریکارییەکیان بۆ هەسەدە نەبووە".

روونیشیکردەوە: هێزەکانی سوپای سوریا ئیرادەی رووبەڕووبوونەوەیان زۆر لاوازە، ئەگەرنا دەتوانرا زۆر شت بگۆڕدرێت، بەڵام هەسەدە بە دڵ و گیان پارێزگاری لە هەر بستێکی رۆژئاوا دەکەن.

جەختیشی کردەوە: هەسەدە تەنها بەرگری دەکات، ئەمەش بەهۆی پابەندی بەو رێککەوتنەی بۆ ئاگربەست کراوە لە باکووری سوریا، بۆیە ئەگەر بڕیاری هێرش کردن دەربکەن تەواوی ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ دەکەنەوە کە پێشتر پاشەکشەیان لێکردووە.


PM:06:16:13/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 5152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو