پارتی رێگری كرد لە دانانی بەهار مەحمود لە لیژنەی هەمواری دەستوردا

‌بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری گۆڕان

وێستگە نیوز-
سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان هاوپەیمانێتیان هەیە لە دروستكردنی حكومەتدا، بەڵام لە پەرلەمانی عیراق رێگری كرد لە دانانی بەهار مەحمود لە لیژنەی هەمواری دەستوردا  و پێشنیازی جەمال كۆچەری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی كردووە.

بە پێی هەواڵێكی سایتی رۆژنامەی زەمەن كە لەلایەن كۆمپانیای وشەوە پشتیوانی لێ دەكرێت لە دانیشتنەكەدا بەبێ‌ ئەوەی فراكسیۆنە كوردستانیەكان ئاگاداربن، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان پێشنیاز دەكات بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری گۆڕان كە دكتۆرای لە یاسادا هەیە بۆ لیژنەی هەمواری دەستور زیادبكرێت و داوا لە پەرلەمانتاران دەكات دەنگی لەسەر بدەن، بەڵام لەوكاتەدا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئەوە رەتدەكاتەوەو دەڵێت: ناكرێت لە فراكسیۆنێكی پێنج كەسی دوو كەس لە لیژنەی هەمواری دەستوردا بن".

ئەو سەرچاوە باسی لەوەشكردووە كە ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دواتر هەڵدەستێت و دەچێت بۆلای سەرۆكی پەرلەمان و پێشنیازی ناوی جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو دەكات بۆ ئەوەی لە لیژنەی هەمواری دەستوردا هەبێت.

لە بەرامبەردا جوان ئیحسان، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەچێتە لای سەرۆكی پەرلەمان‌و داوای لێدەكات بەهار مەحمود بكاتە لیژنەكەوە تەنانەت ڕەزامەندە شوێنەكەی خۆی پێبدات، وەڵامی سەرۆكی پەرلەمانیش ئەوە دەبێت، كە بەهار مەحمود هەر خۆی پێشنیازی كردووەو بەپێویستی زانیوە لە لیژنەكەدا بێت و هەرخۆشی دایدەنێت.

لای خۆیەوە د.بەهار مەحمود،  بە "زەمەن”ی راگەیاندووە "ناوهێنانی بۆ لیژنەی دەستور لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە چاوەڕواننەكراوبوو، لەوەش چاوەڕواننەكراوتر ناڕەزایی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بوو بەرامبەر دانانی لە لیژنەكە".

بەهار مەحمود وتی: دوای دانیشتنەكە بە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیم وت، چۆن دەكرێت لە كوردستان هاوپەیمان بین و لێرە بەوشێوەیە مامەڵە بكەیت، دەبێت لەسەر ئاستی حیزب گۆڕان و پارتی ئەمە یەكلا بكەنەوە.

زەمەن ئەوەشی بڵاو كردەوە كە "سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانیەكان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی موسەننا ئەمین زیادبكرێت بۆ لیژنەی هەمواری دەستور، بەوپێیەی شارەزایی باشی لە زمانی عەرەبیدا هەیە، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە دانیشتنی پەرلەماندا پێشنیازی جەمال كۆچەری بۆ سەرۆكی پەرلەمان كرد لە شوێنی موسەننا ئەمین، كە جەمال كۆچەر شارەزاییەكەی لە بواری داراییدایە".

د.ح
 
 


PM:03:31:12/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 6280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو