مەزڵوم كۆبانێ‌: هەرگیز رازی نابێت بە پاكتاوكردنی كورد



وێستگە نیوز-

سیناتۆری كۆماریی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات- هەسەدە پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامداوە و ئاماژە بەوەش دەكات، ئەوان هاوسۆزن لەگەڵ مەینەتی كورد.

لیندزی گراهام، سیناتۆری كۆماریی ئەمریكا لە هەژماری خۆی لە توویتەر ئەوەی بڵاو كردۆتەوە كە لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ (مەزڵووم كۆبانێ) قسەی كردوە و دەڵێت، مەزڵووم كۆبانێ نیگەرانی خۆی دەربڕیووە لەبارەی مەترسی بەردەوامنەبوونی ئاگربەستەكەی توركیاوە و جەختی لەوەش كردۆتەوە، هەرگیز رازی نابێت بەو پێشنیازەی لە ئەنقەرە كرا بۆ پاكتاوكردنی كورد.

گراهام ئاماژە بەوەش دەكات، مەزڵووم هەوڵەكانی ئیدارەی ترەمپ بۆ راگرتنی تووندوتیژی بەرزدەنرخێنێت، هەروەها بەڵێنی بە مەزڵووم كۆبانێ داوە كە بەدواداچوونەكانی كۆنگرێس بەردەوامدەبن و وتوشیەتی"زۆر هاوسۆزین لەگەڵ مەینەتی كورد".

ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەكاتێكدایە، رۆژی پێنجشەممە شاندی ئەمریكا و توركیا لە ئەنقەرە كۆبوونەوە و پاش پێنج كاتژمێر گفتوگۆ رایانگەیاند، گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی 120 كاتژمێر و دروستكردنی ناوچەی ئارام لەلایەن توركیاوە لە باكووری سووریا بە قووڵایی 32 كیلۆمەتر بەڵام دەوڵەتی توركیا پابەند نەبوو بەو رێككەوتنەوە و ئەمڕۆ هەینی جارێكی دیكە دەستی كردەوە بە هێرشەكانی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان.


PM:11:56:18/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 27740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو