وێستگە نیوز، دەقی رێککەوتنی ئهمریکا و تورکیا له بارهی سوریا بڵاودەکاتەوە
فۆتۆ: گێتی
وێستگه نیوز ـ محهمهد چاوشین
دوای زیاتر لە نۆ رۆژ لە ھێرش و پەلاماری سوپای تورکیا بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستان، سەرەنجام ئهمریکا و تورکیا لەسەر وەستاندنی شەڕ بەشێوەی (کاتی) رێککەوتن.
ئاژانسی ھەواڵی (سپوتنیک – Sputnik)ی رووسی بڵاوی کردەوە كه، تورکیا و ئهمریکا ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 17ی تشرینی یهكهمی 2019، سەبارەت بە راگرتنی ھێرشی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچەکانی باکووری سوریا رێککەوتن.
ڕێکەوتنی نێوان ئەو دوو ھاوپەیمانەی ناو (ھاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی – ناتۆ) لەدوای دیدار و چاوپێکەوتنی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و مایک پنێس، جێگری سەرۆکی ئهمریکا بەدەست ھات.
وێستگە نیوز، دەقی ئەو رێککەوتنامەیەی نێوان ئهمریکا و تورکیا بە پشت بەستن بە ئاژانسی ھەواڵی رووسی(سپوتنیک – Sputnik) بڵاو دەکاتەوە.
رێککەوتنەکەی تورکیا و ئهمریکا بەو شێوەیەی خوارەوەیە:
1- تورکیا و ئهمریکا جارێکی دیکە جەخت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوانیان وەک دوو ئەندامی ھاوبەشی ناتۆ دەکەنەوە، ئهمریکا لە نیگەرانییە ئەمنییە مەشروع و رەواکانی تورکیا لە سنوورەکانی باشووری ئەو وڵاتە تێدەگات.
2- تورکیا و ئهمریکا ھاوڕان لەسەر ئەوەی رەوشی مەیدانی بەتایبەت لە باکوری رۆژھەڵاتی سوریا وا پێویست دەکات ھەردوو وڵات ھاوکاری نزیکتریان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش ھەبێت.
3- تورکیا و ئهمریکا بە پشت بەستن بە بنەمای (یەکێک بۆ ھەمووان و ھەمووان بۆ یەک) پابەند دەبن بە پارێزگاری لە خاک و خەڵکی وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانێتی ناتۆ لەبەرامبەر سەرجەم مەترسی و ھەڕەشەکان.
4- ھەردوو وڵات جارێکی دیکە پابەندی خۆیان بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤەکان، مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کۆڕ و کۆمەڵە مەزھەبی و نەتەوەییەکان دووپات دەکەنەوە.
5- تورکیا و ئهمریکا پابەندن بۆ درێژەدانی شەڕ لەدژی گرووپی داعش.
6- تورکیا و ئهمریکا رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ھێرشەکانی لەدژی گرووپە "تیرۆریستییەکان"، دەبێ تەنھا بنکە و بارەگا و جبەخانە و شوێنی خۆحەشاردانی "تیرۆریستەکان" بگرێتەوە.
7- تورکیا پابەندە به پاراستن و پارێزگاری لە دانیشتوانی خەڵکی ئەو شوێنانەی دەکەونە ژێر ھێڵی (ناوچەی ئارام)ی ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا، لەوبارەوە دڵنیایی داوە کە ھەموو رێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و شوێنە مەدەنییەکان.
8- ھەردوو وڵات جارێکی دیکە جەخت لەسەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکەنەوە. جەختیشیان لەسەر درێژەدان بە پڕۆسەی چارەسەری سیاسی لەسەر بنەمای بڕیاری (2254) ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کردوهتەوە کە بریتییە لە ھەوڵەکان بۆ چارەسەری سیاسی قەیرانەکانی سوریا.
9- ھەردوو وڵات رێککەوتن بۆ دروستکردنی (ناوچەی ئارام) بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا، کە چەکە قورسەکانی ئهمریکا لە ھێزەکانی(YPG) وەربگرێنەوە.
10- (ناوچەی ئارام) لە ھەنگاوی یەکەمدا لەلایەن سوپای تورکیاوە جێبەجێ دەکرێت، دواتریش ھەردوو وڵات (ئهمریکا و تورکیا) لەھەموو روویەکەوە بۆ جێبەجێ کردنی تەواوی کارەکانی پەیوەندیدار بە ناوچەی ئارام، ھاوکارییەکانی خۆیان درێژە پێدەدەن.
11- تورکیا بۆ کارئاسانی پاشەکشەی ھێزە چەکدارەکانی (YPG) بۆماوەی ١٢٠ کاتژمێر، ھێرشەکانی (کانی ئاشتی) بەشێوەی کاتی رادەگرێت، دواتریش ئەو ھێرشانە بەیەکجاری رادەوەستن لەگەڵ پاشەکشەی یەکجارەکی چەکدارانی (YPG).
12- ئهمریکا بەڵێن دەدات لەکاتی راگرتنی ھێرشەکانی سوپای تورکیا، گەمارۆی دیکە نەخاتە سەر تورکیا. لەگەڵ وەستاندنی یەکجارەکی ھێرشەکانیش، ئهمریکا بە لیستی گەمارۆکانی خۆیدا دەچێتەوە کە خرابونە سەر تورکیا.
13- ھەردوو وڵات پابەندن بە ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ یەکتر بۆ جێبەجێ کردنی دەقی ئەو ڕێککەوتنە.
* سەرچاوە: https://ir.sputniknews.com/politics
PM:02:15:18/10/2019
ئهم بابهته 5716
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت