فراكسیۆنی پارتی: كوشتنی ئامانج بابانی و هاوسەرەكەی كارێكی ترسنۆكانەیە


وێستگە نیوز-

 فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان داوای لێكۆڵینەوە لە كوژرانی هەردوو رۆژنامەنووس ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری دەكات و ئەو رووداوەکەش بە کارێکی ترسنۆکانە و بێ ویژدانانە ناوزەد دەکات.

لە راگەیەندراوەكەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان هاتووە "سەرەخۆشی لە خانەوادەی هەردوو رۆژنامەنووس ئامانج بابان و لانە محەمەدی هاوسەری دەکات، هاوکات رووداوەکەش بە کارێکی ترسنۆکانە و بێ ویژدانانە ناوزەد دەکات".

دەشڵێت: فراكسیۆنى پارتى دیموکراتی کوردستان هاوخەمی خۆیان رادەگەیەن، کە بەداخێكی زۆرەوە ئێوارەی  رۆژی چوارشه‌ممه‌ هەواڵی كوژرانی رۆژنامەڤان ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەكەی داخدار و دڵتەنگی كردوون، ئەو رووداوەش لە دیدی ئەوانەوە كارێكی ترسنۆكانە و بێ ویژدانانە بووە.

جەختیش دەكاتەوە كە ئەوان "وەك فراكسیۆنی پارتی داوا لە دەزگا ئەمنییەكان دەکەن، کە بکەرانی ئەو تاوانە دڕندانەیە ئاشكرابكرێن و دەستگیر بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەندرێن.

له‌ كۆتایدا فراكسیۆنى پارتى راشیده‌گەیەنێت، كه‌  لە چوارچێوەی كاری یاسایی پەرلەمانی، هەموو بە دواداچونێكی پێویست ئەنجامدەدەن.
 
 د.ح


AM:10:23:17/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 1348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت