هێرۆ قادر وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە بولگاریا دەستبەکاربوو

‌ھێرۆ قادر

وێستگه‌ نیوز ـ
دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 16ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، ھێرۆ قادر محەمەد ئەمین مستەفا بە ئـامادەبوونی جان سولیوان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئه‌مریكا سوێندی یاسایی خوارد و لە بولغارستان وەک باڵیۆزی ئـەمریکا دەست بەکار بوو.

‎بۆ یەکەم جار لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کوردێک بە ناوی هێرۆ قادر محەمەد ئەمین مستەفا، وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە کۆماری بولگاریا لە لایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە دەستنیشان کرا.

‎ئەو ئافره‌ته‌ خەڵکی شاری هەولێرە و چەندین بەرپرسیارەتی لە حکومەتی ئەمریکا هەبووە، لە ساڵی 2016، لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە وڵاتی پورتوگال کاری کردووە و راوێژکاری سیاسی بووە لە باڵیۆزخانەی ئه‌مریكا له‌ نیوده‌لهی لە هیندستان.

‎لە ساڵانی 2009 بۆ 2011، راوێژکاری جۆ بایدن بووه‌ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا.

‎هێرۆ یەکێک بووە لەوانەی، لە نزیکەوە چاودێری دانووستانەکانی گروپی 5 كۆ 1ی لەگەڵ ئێران کردووە. لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا، بەڕێوەبەری کارەکانی ئێران، ئیسرائیل– فەڵەستین و ئوردن بووە، لە ساڵی 2005 بە ئەرکێکی سیاسی لە شاری موسڵ کاری کردووە و چەند بەرپرسیارەتی سیاسی لە لوبنان و یۆنان و ئەفغانستانیش هەبووە.

‎ئەو سیاسییە کوردە، لە ویلایەتی نۆرس داکۆتا ژیانی بەسەر بردووە و جیا لە ئینگلیزی، زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، یۆنانی، هیندی و پورتوگالی دەزانێت و لە زانکۆی پرینستۆن ماستەری لە خزمەتگوازاری ‎سیاسەتی دەرەوە بەدەستهێناوە.

‎هێرۆ مستەفا لە دایکبووی ساڵی 1973 لە شاری هەولێرە و کچی عەبدولقادر محەمەد ئەمین، دامەزرێنەر و سەرنووسەری رۆژنامەی بارزانە کە لە ئەمریکا ‎دەردەچوو.

هــ. ر


AM:10:19:17/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 6640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو