قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی نوێی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوە


وێستگە نیوز-
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مارتن هوس، باڵیۆزی نوێی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق لە شاری هەولێر کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی لەڕێگەی مارتن هوس-ەوە داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد رۆڵی زیاتر بگێڕێت بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم شەڕە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس کە تا ئێستا ژمارەیەکیان هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئامادەیی حکومەتی هەرێمی نیشاندا وەک ئەرکێکی مرۆیی خزمەتگوزاریی پێشکەش بە ئاوارەکان بکات و داواشی لە یەکێتی ئەوروپا کرد لەم ڕووەوە هاوکاری پێویست بۆ ئاوارەکان دابین بکەن، چونکە حکومەتی هەرێم لەتوانایدا نییە بەتەنها بەو ئەرکە ڕابگات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم باسی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدای کرد و جەختی کردەوە حکومەتی هەرێم ئامادەیە بەپێی دەستور هەموو کێشەکانی لەگەڵ بە‌غدا چارەسەر بکات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە پرۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان و داوایکرد یەکێتی ئەوروپا هاوکاری حکومەتی هەرێم بێت لە چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاکسازی و گشتاندنی بۆ سەرجەم سێکتەرەکان.


PM:08:18:15/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 1732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو