سەرۆک کۆماری عیراق داوای چاکسازی بەپەلە لە سیستەمی هەڵبژاردندا دەکات


وێستگە نیوز-
سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، چاکسازی لەسیستەمی ھەڵبژاردنەکان بەرکەوتەی نیشتمانی و خواستێکی بە پەلەیە.

بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ سێ شەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و میدیاکار و چالاکوانی مەدەنی و شارەزا و پسپۆڕ و یاساناسەکان.

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق،  لە کۆبوونەوەکەدا، وتی، "بەشداری نەکردنی دەنگدەران لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ پێویستی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنە گشتییەکان کە بەرکەوتەیەکی نیشتمانی خێرایە بۆ بونیادنانی دەوڵەت و چاکسازی لە دامەزراوەکان و بنەبڕکردنی گەندەڵی دارایی و ئیداریدا، بۆ ئەوەی خواستەکانی گەلی عێراق بەدی بھێنێت و ئازادی و دیموکراسیش بەھێزتر بکات لە وڵاتدا".

لە میانی دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح،  ئاماژەی بەوەکرد لە کاتێکدا ئەم دیدارە ئەنجام دەدەن کە عیراق بە دۆخێکی زۆر سەخت و مەترسیدار تێپەڕ دەبێت، مەبەستیش لەم دیدارە گفتۆگۆکردنە لەگەڵ شارەزایان بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە گوێبیستی ڕای گشتی نیشتمانی ببین پێش دیدار لەگەڵ ھێز و فراکسیۆنە سیاسییەکاندا لەم بارەیەوە.

ھاوکات دووپاتیکردەوە کە گوێگرتن لە دید و بۆچوونە جیاوازەکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەیشتن بە ھەموارکردنەوەیەکی واقیعیانەی یاسای ھەڵبژاردەنەکان، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی گەلەکەمان بکات بە جیاوازی پێکھاتەکانییەوە، بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەک بۆ چاکسازی لە سیستەمی سیاسی لە عێراقدا.

ھەروەھا سەرۆک کۆمار روونیکردەوە کە عێراق بەرەو گۆڕانکاری گەورە ھەنگاو دەنێت و  پێویستیان بە بەپرۆسەیەکی چاکسازی گەورە ھەیە، تا متمانە بگێرێتەوە بۆ بەسیستەمی دەسەڵات لە وڵاتدا، لە ھەمووشیان گرنگتر پێداچونەوەیە بەسیستەمی ھەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی جددی ئاڕاستەکراو، تا ھاووڵاتیانی عێراق بڕوایان پێ ھەبێت و ھەلێکی زامنکراویش بێت بۆ گوزارشتکردن لە دید و بۆچونی ھاووڵاتیان سەبارەت بە وڵاتەکەیان بەبێ ساختەکاری.

لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عیراق جەختیکردەوە کە بە ئازایەتییەوە داوای دایلۆگی نیشتمانی دەکەن تا چارەسەری کە موکورتییەکان بکەن لە سیستەمی دەسەڵات، بە جۆرێک کە ژیانێکی باشتر بۆ ڕۆڵەکانی گەلی عیراق بھێنێتە دی.


PM:07:57:15/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 2068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت