مایک پێنس: تورکیا بەڵێنی بە ئەمریکا داوە هێرش نەکاتە سەر کۆبانێ

‌مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا

وێستگە نیوز-
جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تورکیا بەڵێنی بە ئەمریکا داوە هێرش نەکاتە سەر شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان.

مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەمیانەی لێدوانێکیدا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بەڵێنی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوە سوپای تورکیا هیچ هێرشیک نەکاتە سەر شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان.

مایک پێنس، وتیشی، " ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵنەکردووە، سەرۆک ترەمپ ئەوەی بە روونی وتووەو چەند جارێکیش لەو بارەیەوە هۆشداری داوەتە ئەردۆغان".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا بەپەڕی روونیەوە بە تورکیای وتووە چیتر رێگە بە هێرشی تورکیا بۆ سەر سوریا نادات.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپیەوە بە رۆژنامەنوسانی وت، " ئەمریکا سورە لەسەر وەستانی بەپەلەی هێرشەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکانی سوریا".

پێنس راشیگەیاند،  بەم نزیکانە سەردانی تورکیا دەکات بە ئامانجی داواکردنی وەستاندنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان .

ماوەی شەش رۆژە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و لەبەرامبەردا هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرگری دەکەن و رووبەڕووی سوپای تورکیا دەبنەوە، بەهۆی هێرش و ئاڵۆزییەکانەوە دەیان کەس کوژراون و برینداربوون، هەزاران کەسیش ئاوارەی ناوچەکانی دوور لە شەڕ بوون. 


PM:06:56:15/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 3460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو