عوسمان بانیمارانی: پارتی به‌ زاره‌كی وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ داوه‌ته‌وه‌

‌کۆسرەت رەسوڵ و بارزانی

وێستگه‌ نیوزـ

عوسمان بانیمارانی‌ ئەندامی‌ سەرکردایەتی‌ یەکێتی‌ نیشتمانی كوردستان ئاشكرایكرد كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ زاره‌كی وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لیی بۆ بارزانی داوه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێگریكردن له‌ مه‌حمود سه‌نگاوی ئاراسته‌ی كردبوو.

به‌پێی هه‌واڵێكی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی، عوسمان بانیمارانی رایگه‌یاندوه‌: پارتی‌ بە زارەکی‌ وەڵامی‌ نامەکەی‌ داوەتەوە و دەڵێن بابەتی‌ رێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی‌ بۆ چونە هەولێر پەیوەندی‌ بە مەسعود بارزانی‌ سەرۆکی‌ پارتییەوە نیە و پەیوەندی‌ بە حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستانەوە هەیە.

رۆژی‌ 19ی ئه‌یلولی 2019، بەهۆی‌ رێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی‌ ئەندامی‌ مەکتەبی‌ سیاسی یەکێتی‌ بۆ چونە شاری‌ هەولێر، کۆسرەت رەسوڵ عه‌لی، جێگری‌ سکرتێری‌ گشتی‌ یەکێتی‌ نیشتمانی كوردستان نامەیەکی‌ نیگەرانی‌ ئاراستەی‌ مەسعود بارزانی‌ سەرۆکی‌ پارتی‌ دیموكراتی كوردستان کرد.

بانیمارانی ئاشكراشیكرد: لە ژێر فشاری‌ ئەندام و لایەنگرانی‌ حزبەکەیانن کە ئەگەر پارتی‌ رێکەوتنەکەیان دەربارەی‌ حکومەت و کەرکوک جێبەجێ نەکات، ئەوا یەکێک لە ئەگەرەکان کشانەوەیان دەبێت لە حکومەت، بەڵام بە فەرمی‌ بە پارتی‌ نەوتراوە.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21ی ئه‌یلول، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لەمیانی لیَدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی رێگری لە مەحمود سەنگاوی و تەقەكردنەكان لە هەریەكە لەبارەگاكانی پارتی و یەكێتی ڕایگەیاند"رووداوی رێگری لە مەحمود سەنگاوی هیچ دەستێكی لەپشتەوە نەبووە و چارەسەردەكرێت، هەروەها لێكتێگەیشتنێكی باشمان لەگەڵ لایەنەكان هەیە".

وەزیری ناوخۆ جەختی لەوەش كردوە، هەر كەسێك بێڕێزی بەرامبەر بارەگاكان بكات كە پێچەوانەی سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هەر كەس و لایەنێكی لەپشتبێت دەبێت بەپێی یاسا چارەسەر بكرێت و تاوانباران بدرێنە دادگا. 


PM:11:06:21/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 14856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت